← 28 2 →

Metta 1

1

ڕه‌چه‌ڵه‌كی عیسای مه‌سیح، كوڕی داود، كوڕی ئیبراهیم:

2

ئیبراهیم باوكی ئیسحاق بوو،ئیسحاق باوكی یاقوب بوو،یاقوب باوكی یه‌هودا و برایانی بوو،

3

یه‌هودا باوكی پێرێز و زێره‌ح بوو له‌ تامار،پێرێز باوكی حه‌سرون بوو،حه‌سرون باوكی ڕام بوو،

4

ڕام باوكی عه‌میناداب بوو،عه‌میناداب باوكی نه‌حشۆن بوو،نه‌حشۆن باوكی سه‌لمۆن بوو،

5

سه‌لمۆن باوكی بۆعه‌ز بوو له‌ ڕاحاب،بۆعه‌ز باوكی عوبێد بوو له‌ ڕاووس،عوبێد باوكی یه‌سا بوو،

6

یه‌سا باوكی داودی پاشا بوو.داود باوكی سلێمان بوو له‌و ژنه‌ی هی ئوریا بوو،

7

سلێمان باوكی ڕه‌حه‌به‌عام بوو،ڕه‌حه‌به‌عام باوكی ئه‌بیا بوو،ئه‌بیا باوكی ئاسا بوو،

8

ئاسا باوكی یه‌هۆشافات بوو،یه‌هۆشافات باوكی یه‌هۆرام بوو،یه‌هۆرام باوكی عوزیا بوو،

9

عوزیا باوكی یۆتام بوو،یۆتام باوكی ئاحاز بوو،ئاحاز باوكی حه‌زقیا بوو،

10

حه‌زقیا باوكی مه‌نه‌سا بوو،مه‌نه‌سا باوكی ئامۆن بوو،ئامۆن باوكی یۆشیا بوو،

11

یۆشیا باوكی یه‌هۆیاكین و برایانی بوو، له‌ كاتی ڕاپێچانه‌كه‌دا بۆ بابل.

12

دوای ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ بابل،یه‌هۆیاكین باوكی شالتئیل بوو،شالتئیل باوكی زروبابل بوو،

13

زروبابل باوكی ئه‌بیوود بوو،ئه‌بیوود باوكی ئه‌لیاقیم بوو،ئه‌لیاقیم باوكی ئازور بوو،

14

ئازور باوكی چادۆق بوو،چادۆق باوكی ئه‌كیم بوو،ئه‌كیم باوكی ئه‌لیود بوو،

15

ئه‌لیود باوكی ئێلیعازه‌ر بوو،ئێلیعازه‌ر باوكی مه‌ته‌ن بوو،مه‌ته‌ن باوكی یاقوب بوو،

16

یاقوب باوكی یوسفی مێردی مریه‌م بوو، ئه‌وه‌ی عیسای لێ‌بوو، كه‌ به‌ مه‌سیح ناوده‌بردرێت.

17

ئاوا هه‌موو نه‌وه‌كان له‌ ئیبراهیمه‌‌وه‌ تا داود چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ داوده‌وه‌ تاكو ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ بابل چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ ڕاپێچانه‌كه‌شه‌وه‌ بۆ بابل تا مه‌سیح چوارده‌ نه‌وه‌ن.

18

به‌ڵام له‌دایكبوونی عیسای مه‌سیح به‌م شێوه‌یه‌ بوو: كاتێ مریه‌می دایكی له‌ یوسف ماره‌بڕاو بوو، پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی جووت‌بێت بینرا كه‌ سكی هه‌یه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز.

19

یوسفی مێردی كه‌ پیاوچاك بوو، نه‌یویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا به‌ نهێنی ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرێت.

20

كاتێ بیری له‌م شتانه‌ ده‌كرده‌وه‌، فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند هاته‌ خه‌ونی و پێی‌ووت: (یوسفی كوڕی داود، مه‌ترسه‌ مریه‌م بهێنیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سكی پێی هه‌یه‌ له‌ ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌یه‌.

21

كوڕێكی ده‌بێت ناوی ده‌نێیت عیسا، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ گوناهه‌كانیان ڕزگار ده‌كات.)

22

ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕووی‌دا، تا ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی:

23

{ئه‌وه‌تا پاكیزه‌یه‌ك سكی ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، ناوی لێ ده‌نێن ئیمانوێل.} واتا: خودا له‌گه‌ڵمانه‌.

24

كاتێ یوسف له‌ خه‌و هه‌ڵستا، ئه‌وه‌ی فریشته‌كه‌ی خوداوه‌ند فه‌رمانی پێ‌دابوو ئه‌نجامی دا و ژنه‌كه‌ی گواسته‌وه‌.

25

به‌ڵام تا كوڕه‌كه‌ی نه‌بوو له‌گه‌ڵی جووت نه‌بوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.

Kurdish Bible
Public Domain