Ahîda Nû
Kurdish Bible 1998
← 7

Peyxama Yûhenna 8

9 →
1

حه‌وت فریشته‌كه‌م بینی كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستن و حه‌وت كه‌ڕه‌نایان درابووێ.

2

فریشته‌یه‌كی دیكه‌ش هات و له‌لای قوربانگا وه‌ستا، بخووردانێكی زێڕینی پێ‌بوو. بخوورێكی زۆریشی درابووێ تاكو له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پیرۆزكراوان له‌سه‌ر قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م ته‌خت پێشكه‌شی بكات.

3

له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پیرۆزكراوان دووكه‌ڵی بخوور له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ له‌به‌رده‌م خودا به‌رز‌بۆوه‌.

4

فریشته‌كه‌ش بخووردانه‌كه‌ی برد و له‌ قوربانگاكه‌ پڕی كرد له‌ ئاگر و فڕێی‌دایه‌ سه‌ر زه‌وی، له‌وێ‌دا بووه‌ گه‌واره‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و بروسكه‌ و بوومه‌له‌رزه‌.

5

ئیتر حه‌وت فریشته‌كه‌ی حه‌وت كه‌ڕه‌ناكه‌یان پێ‌بوو خۆیان بۆ لێدانی كه‌ڕه‌نا سازكرد.

6

فریشته‌ی یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌رزه‌ و ئاگری تێكه‌ڵ به‌ خوێن په‌یدابوو، فڕێدرانه‌ زه‌وی. سێیه‌كی زه‌وی سووتا و سێیه‌كی دره‌خته‌كانیش سووتان و هه‌موو گیایه‌كی سه‌وز سووتا.

7

فریشته‌ی دووه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و شتێكی وه‌كو چیایه‌كی گه‌وره‌ی گڕگرتوو فڕێدرایه‌ ده‌ریاوه‌. سێیه‌كی ده‌ریاكه‌ش بووه‌ خوێن،

8

سێیه‌كی بوونه‌وه‌رانی زیندووی ده‌ریا مردن، سێیه‌كی كه‌شتییه‌كانیش تێكشكان.

9

فریشته‌ی سێیه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرشنگداری وه‌ك چرا له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر سێیه‌كی ڕووبار و سه‌رچاوه‌كانی ئاو --

10

ئه‌ستێره‌كه‌ش ناوی (تاڵاو) بوو. سێیه‌كی ئاو تاڵ بوو، خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌به‌ر تاڵی ئاوه‌كه‌ مردن.

11

فریشته‌ی چواره‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، سێیه‌كی خۆر و سێیه‌كی مانگ و سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كان لێدران، تاكو سێیه‌كیان تاریك بن و ڕۆژ سێیه‌كی ڕووناكی نه‌دات و شه‌ویش ئاوا.

12

پاشان ته‌ماشام كرد، بیستم هه‌ڵۆیه‌كی هه‌ڵفڕیو له‌ناوه‌ڕاستی ئاسمان‌دا، به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: (قوڕ به‌سه‌ر! قوڕ به‌سه‌ر! قوڕ به‌سه‌ر دانیشتووانی زه‌وی، له‌به‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ڕه‌نا كه‌ ماوه‌ و سێ فریشته‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ خه‌ریكن كه‌ڕه‌ناكانیان لێده‌ن!)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®