Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 2

1 Yûhenna 3

4 →
1

ته‌ماشا بكه‌ن باوكه‌كه‌ چ خۆشه‌ویستییه‌كی پێ داوین، تاكو پێمان ده‌ووترێ منداڵی خودا! ئێمه‌ش ئاواین! بۆیه‌ جیهان نامانناسێت، چونكه‌ ئه‌وی نه‌ناسیوه‌.

2

خۆشه‌ویستان، ئێستا منداڵی خوداین، هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بینه‌ چی. به‌ڵام ده‌زانین كاتێ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌بین، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌یبینین.

3

هه‌ر كه‌سێك ئه‌م هیوایه‌ی به‌و هه‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌و پاكه‌، خۆی پاك‌ده‌كاته‌وه‌.

4

هه‌ر كه‌سێك گوناه‌ بكات سه‌رپێچی ده‌كات، چونكه‌ گوناه‌ سه‌رپێچییه‌.

5

ده‌زانن ئه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ تاكو گوناه‌ لابدات، خۆی گوناهی تێدا نییه‌.

6

هه‌ر كه‌سێك له‌ودا بچه‌سپێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه‌ كردن. هه‌ر كه‌سێك به‌ به‌رده‌وام گوناه‌ بكات نه‌ بینیوویه‌تی و نه‌ ناسیویه‌تی.

7

منداڵه‌كان، با كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات. ئه‌وه‌ی ڕاستودروستی بكات ڕاستودروسته‌، وه‌ك ئه‌ویش ڕاستودروسته‌.

8

ئه‌وه‌ی گوناه‌ بكات له‌ ئیبلیسه‌، چونكه‌ ئیبلیس له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوناهی كرده‌وه‌. كوڕی خودا بۆ ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت، تاكو كاره‌كانی ئیبلیس تێكبدات.

9

هه‌ر كه‌سێك له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووبێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه‌ كردن، چونكه‌ تۆوی خودا تیای‌دا ده‌چه‌سپێت و ناتوانێت به‌رده‌وام‏ بێت له‌ گوناه‌ كردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌.

10

منداڵی خودا و منداڵی ئیبلیس به‌مه‌ ده‌رده‌كه‌ون: هه‌ر كه‌سێك ڕاستودروستی نه‌كات له‌ خودا نییه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی خوشكی یان برای خۆی خۆش نه‌وێت.

11

چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تا بیستتان، كه‌وا یه‌كترمان خۆش‌بووێ.

12

وه‌ك قابیل مه‌بن، كه‌ سه‌ر به‌ خراپه‌كار بوو و برای خۆی كوشت. بۆچی كوشتی؟ چونكه‌ كاره‌كانی ئه‌و خراپ بوون و هی براكه‌ی ڕاستودروست.

13

خوشكان، برایان، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان بێته‌وه‌.

14

ده‌زانین له‌ مردنه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراینه‌وه‌، چونكه‌ برایانمان خۆش‌ده‌وێت. ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێت له‌ مردن‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.

15

هه‌ر كه‌سێك ڕقی له‌ خوشكی یان براكه‌ی ببێته‌وه‌ بكوژه‌، ده‌زانن هیچ بكوژێك له‌ ژیانی تاهه‌تایی‌دا نامێنێته‌وه‌.

16

به‌مه‌ خۆشه‌ویستیمان زانی: عیسای مه‌سیح ژیانی خۆی بۆ ئێمه‌ دانا. ئێمه‌ش ده‌بێت ژیانی خۆمان بۆ برایان دابنێین.

17

ئه‌وه‌ی ماڵی دونیای هه‌بێت و خوشكی یان براكه‌ی خۆی به‌ نه‌داری بینی و دڵی لێی ڕه‌ق كرد، چۆن خۆشه‌ویستی خودای تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟

18

منداڵان، با به‌ وشه‌ و زمان خۆشه‌ویستی نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ كردار و به‌ ڕاستی.

19

به‌مه‌ ده‌زانین سه‌ر به‌ ڕاستین، هه‌روه‌ها چۆن دڵمان ئاسووده‌ ده‌بێت له‌ ئاماده‌گی ئه‌و

20

كاتێ دڵمان سه‌ركۆنه‌مان ده‌كات، خودا له‌ دڵمان گه‌وره‌تره‌ و هه‌موو شتێك ده‌زانێت.

21

خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر دڵمان سه‌ركۆنه‌مان نه‌كات، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خودا دڵنیا ده‌بین،

22

هه‌رچییه‌كی لێ داوا بكه‌ین لێی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌دڵیه‌تی.

23

ئه‌مه‌ش ڕاسپارده‌كه‌یه‌تی: باوه‌ڕمان به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی كوڕه‌كه‌ی هه‌بێت و یه‌كتریمان خۆش‌بووێ، وه‌ك ڕایسپاردووین.

24

ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی بپارێزێت، له‌ودا نیشته‌جێیه‌ و ئه‌ویش له‌م، به‌مه‌ش ده‌زانین ئه‌و له‌ ئێمه‌دا نیشته‌جێیه‌، به‌و ڕۆحه‌ی كه‌ پێی‌داوین.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®