Bible Selection
Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998

1 Yûhenna 2

1

منداڵه‌كانم، ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌نووسم تاكو گوناه‌ نه‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوناهی كرد، ئه‌وا له‌لای باوكه‌كه‌ داكۆكیكارمان هه‌یه‌ - - عیسای مه‌سیح، ڕاستودروسته‌كه‌.

2

ئه‌و كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانمانه‌، نه‌ك ته‌نها هی ئێمه‌، به‌ڵكو گوناهه‌كانی هه‌موو جیهان.

3

به‌مه‌ ده‌زانین ئه‌ومان ناسیوه‌، ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانی بپارێزین.

4

ئه‌وه‌ی وتی: (ناسیومه‌) و ڕاسپارده‌كانی نه‌پارێزێت، ئه‌وا درۆزنه‌ و ڕاستی تێدا نییه‌.

5

به‌ڵام ئه‌وه‌ی وشه‌كه‌ی ئه‌و بپارێزێت، ئه‌وا به‌ ڕاستی خۆشه‌ویستی خودا له‌مه‌دا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌و داین:

6

ئه‌وه‌ی وتی: (له‌ودا چه‌سپاوم) ده‌بێت به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی عیسا ژیاوه‌ ئاوا بژیێت.

7

خۆشه‌ویستان، ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ نانووسم، به‌ڵكو ڕاسپارده‌یه‌كی كۆنه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لاتان بوو. ڕاسپارده‌ كۆنه‌كه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا گوێتان لێی‌بوو.

8

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ ده‌نووسم، ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ ئه‌و و ئێوه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ تاریكی به‌سه‌رچوو، وا ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پڕشنگ ده‌داته‌وه‌.

9

ئه‌وه‌ی وتی: (له‌ ڕووناكی‌دام) و ڕقی له‌ خوشكی یان له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ تا ئێستا له‌ تاریكی دایه‌.

10

ئه‌وه‌ی خوشكی یان براكه‌ی خۆش‌بووێ له‌ ڕووناكی‌دا ده‌چه‌سپێت و كۆسپی تێدا نییه‌.

11

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ برای خۆی ببێته‌وه‌، له‌ تاریكی دایه‌ و به‌ تاریكی‌دا ده‌ڕوات، نازانێت بۆ كوێ مل ده‌نێت، چونكه‌ تاریكی چاوی كوێر كردووه‌.

12

بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، منداڵه‌كان،چونكه‌ له‌به‌ر ناوی ئه‌و گوناهه‌كانتان به‌خشرا.

13

بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، باوكه‌كان،چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌.بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، لاوه‌كان،چونكه‌ خراپه‌كارتان به‌زاند.بۆ ئێوه‌م ده‌نووسم، منداڵه‌كان،چونكه‌ باوكه‌كه‌تان ناسیوه‌.

14

بۆ ئێوه‌م نووسی، باوكه‌كان،چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌.بۆ ئێوه‌م نووسی، لاوه‌كان،چونكه‌ به‌هێزن،وشه‌ی خوداتان تێدا چه‌سپاوه‌ وخراپه‌كارتان به‌زاندووه‌.

15

نه‌ جیهانتان خۆش‌بووێت، نه‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ جیهان دایه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك جیهانی خۆش‌بووێ، ئه‌وا خۆشه‌ویستی باوكه‌كه‌ی تێدا نییه‌.

16

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ جیهان دایه‌، هه‌وه‌سی جه‌سته‌ و هه‌وه‌سی چاو و سه‌ڵته‌نه‌تی ژیانه‌، له‌ باوكه‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ جیهانه‌وه‌یه‌.

17

جیهان و هه‌وه‌سه‌كانی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خودا ده‌كات تاهه‌تایه‌ ده‌چه‌سپێت.

18

منداڵه‌كان، ئه‌وا دوا كاتژمێره‌. وه‌ك بیستووتانه‌ دژه‌ مه‌سیح دێت، ئێستاش زۆر دژه‌ مه‌سیح هاتوون، به‌مه‌ ده‌زانین دوا كاتژمێره‌.

19

ئه‌وان لێمان جیا بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێمه‌ نه‌بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێمه‌ بوونایه‌، له‌گه‌ڵمان ده‌مانه‌وه‌، به‌ڵام تاكو ده‌ربخه‌ن كه‌سیان له‌ ئێمه‌ نین.

20

ئێوه‌ش له‌لایه‌ن پیرۆزه‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان‌كردنتان هه‌یه‌ و هه‌مووتان ڕاستی ده‌زانن.

21

بۆ ئێوه‌ نانووسم چونكه‌ ڕاستی نازانن، به‌ڵكو چونكه‌ ده‌یزانن و هیچ درۆیه‌ك له‌ ڕاستییه‌كه‌وه‌ نییه‌.

22

كێ درۆزنه‌؟ ئه‌وه‌ی نكۆڵی بكات كه‌ عیسا مه‌سیحه‌كه‌یه‌. ئه‌مه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌، نكۆڵی له‌ باوك و كوڕه‌كه‌ ده‌كات.

23

هه‌ر كه‌سێك نكۆڵی له‌ كوڕه‌كه‌ بكات باوكه‌كه‌ی نابێت، ئه‌وه‌ش دان به‌ كوڕه‌كه‌ بنێت باوكه‌كه‌شی ده‌بێت.

24

ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان با له‌ ئێوه‌دا بچه‌سپێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان له‌ ئێوه‌دا بچه‌سپێت، ئه‌وا له‌ كوڕ و باوكه‌كه‌دا ده‌چه‌سپێن.

25

ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ئه‌و پێی‌داوین، ژیانی تاهه‌تایی.

26

ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی له‌مه‌ڕ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌واشه‌تان بكه‌ن،

27

ئێوه‌ش ئه‌و ده‌ستنیشان‌كردنه‌ی لێیتان وه‌رگرتووه‌، له‌ ئێوه‌دا چه‌سپاوه‌، پێویستتان به‌ كه‌س نییه‌ فێرتان بكات. به‌ڵكو هه‌روه‌ك ده‌ستنیشان‌كردنه‌كه‌ی هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات، ڕاسته‌ و درۆ نییه‌، وه‌ك فێری كردوون، تیای‌دا بچه‌سپێن.

28

ئێستاش منداڵان، تیای‌دا بچه‌سپێن، تاكو كاتێ ده‌ركه‌وت متمانه‌مان هه‌بێت، كه‌ هاته‌وه‌ شه‌رمی لێ نه‌كه‌ین.

29

ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و ڕاستودروسته‌، بزانن كه‌وا هه‌ر كه‌سێك ڕاستودروستی بكات له‌ ئه‌وه‌وه‌ له‌دایك بووه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®