Bible Selection
Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998

1 Petrûs 2

1

بۆیه‌ هه‌موو ڕق و هه‌موو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هه‌موو زه‌مكردنێك دابكه‌نن.

2

وه‌ك ساوای تازه‌ له‌دایك بوو، ئاره‌زووتان له‌ شیری ڕۆحی پاك بێت، تاكو به‌مه‌ بۆ ڕزگاری گه‌شه‌ بكه‌ن،

3

چونكه‌ تامتان كردووه‌ كه‌ خوداوه‌ند چاكه‌.

4

ئه‌وه‌ی دێنه‌ لای، به‌ردێكی زیندووه‌ - له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خودا بژارده‌یه‌ و گرانبه‌هایه‌ -

5

ئێوه‌ش وه‌ك به‌ردی زیندوو له‌ خانوویه‌كی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ كاهینیه‌تی پیرۆز، بۆ كردنی قوربانییه‌ ڕۆحییه‌ په‌سه‌نده‌كان بۆ خودا به‌هۆی عیسای مه‌سیح.

6

چونكه‌ له‌ نووسراوه‌كان‌دا هاتووه‌:{ئه‌وه‌تا من به‌ردێك له‌ سییۆن داده‌مه‌زرێنم،قولینچكی هه‌ڵبژێردراو و گرانبه‌ها،ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت شه‌رمه‌زار نابێ.}

7

بۆیه‌ بۆ ئێوه‌ كه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌م به‌رده‌ گرانبه‌هایه‌، به‌ڵام بۆ بێ‌باوه‌ڕان،{ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌،بووه‌ به‌ردی قولینچك،}

8

هه‌روه‌ها:{به‌ردی ساتمه‌كردن وتاشه‌به‌ردی پێ هه‌ڵكه‌وتن.}

9

به‌ڵام ئێوه‌ ڕه‌گه‌زێكی بژارده‌ن، كاهینیه‌تی شاهانه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كی پیرۆز، گه‌لی تایبه‌تی خودان، تاكو چاكییه‌كانی ئه‌وه‌ ڕابگه‌ێنن كه‌ بانگی كردوون له‌ تاریكییه‌وه‌ بۆ ڕووناكییه‌ سه‌یره‌كه‌ی.

10

پێشتر گه‌ل نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا گه‌لی خودان، پێشتر به‌زه‌ییتان وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام ئێستا به‌زه‌ییتان وه‌رگرت.

11

خۆشه‌ویستان، وه‌ك نامۆ و بێگانه‌ لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌ هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش دوور بكه‌ونه‌وه‌، كه‌ دژی ده‌روون ده‌جه‌نگێت.

12

با له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕه‌وشتتان باش بێت، تاكو كاتێ بوختانتان پێ ده‌كه‌ن گوایا ئێوه‌ به‌دكارن، كرده‌وه‌ چاكه‌كانتان ببینن و له‌ ڕۆژی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوداش ئه‌وان شكۆداری بكه‌ن.

13

له‌به‌ر خوداوه‌ند ملكه‌چی هه‌موو ده‌زگایه‌كی مرۆڤانه‌ بن: بۆ پاشا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار،

14

یان بۆ پارێزگاران وه‌ك نێردراوی ئه‌و بۆ سزادانی به‌دكاران و ستایشی چاكه‌كاران.

15

چونكه‌ خواستی خودا ئاوایه‌، به‌ چاكه‌كاری نه‌زانی گێله‌كان بێ‌ده‌نگ بكه‌ن.

16

وه‌ك مرۆڤی ئازاد بژین، به‌ڵام نه‌ك ئازادی په‌رده‌ی به‌دكاری بێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌نده‌ی خودا بژین.

17

ڕێز له‌ هه‌مووان بگرن، هاوباوه‌ڕانتان خۆش‌بووێ، له‌ خودا بترسن، ڕێز له‌ پاشا بگرن.

18

ئه‌ی كۆیله‌كان، به‌ هه‌موو ترسه‌وه‌ ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن، نه‌ك ته‌نها بۆ چاك و دڵنه‌رمه‌كان، به‌ڵكو بۆ تونده‌كانیش،

19

چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌به‌ر ویژدانی به‌رامبه‌ر خودا به‌رگه‌ی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئه‌مه‌ جێی ستایشه‌.

20

به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌تان كرد و لێتان درا و به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ چ شانازییه‌كه‌؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ ئازاردا به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ جێی ستایشه‌ له‌لای خودا.

21

چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگ‌كراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیحیش له‌ پێناوتان ئازاری چێژت و نموونه‌ی بۆ به‌جێ‌هێشتن، تاكو به‌ هه‌نگاوه‌كانی‌دا بڕۆن.

22

{ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی نه‌كردبوو،فڕوفێڵی له‌سه‌ر زاری نه‌بوو.}

23

ئه‌وه‌ی جنێوی پێ ده‌درا و جنێوی نه‌ده‌دایه‌وه‌، ئازار ده‌درا و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

24

ئه‌وه‌ی خودی خۆی له‌ له‌شی‌دا له‌سه‌ر دار گوناهه‌كانمانی هه‌ڵگرت، تاكو سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاكبوونه‌وه‌.

25

چونكه‌ ئێوه‌ وه‌ك مه‌ڕی ونبوو وابوون، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ لای شوان و چاودێری گیانتان.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®