Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 5

1 Petrûs 1

2 →
1

په‌ترۆس، نێردراوی عیسای مه‌سیح،بۆ بژارده‌كانی خودا، بێگانه‌ په‌راگه‌نده‌كان له‌ پۆنتۆس و گه‌لاتیا و كه‌پدۆكیا و ئاسیا و بیسینیا،

2

به‌گوێره‌ی زانینی پێشووی خودای باوك بژاركراون، به‌ پیرۆزكردنی ڕۆحه‌كه‌ بۆ گوێڕایه‌ڵی عیسای مه‌سیح و پرژاندنی خوێنه‌كه‌ی:

3

ستایش بۆ خودا، باوكی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح! به‌گوێره‌ی به‌زه‌ییه‌ فراوانه‌كه‌ی له‌دایكبوونه‌وه‌ی پێ به‌خشین بۆ هیوایه‌كی زیندوو به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح له‌نێو مردووان،

4

بۆ میراتێك كه‌ نافه‌وتێت و گڵاو نابێت و كاڵ نابێته‌وه‌، بۆ ئێوه‌ له‌ ئاسمان پارێزراوه‌،

5

ئێوه‌ كه‌ به‌ هێزی خودا پاسه‌وانی كراون به‌ باوه‌ڕ، بۆ ئه‌و ڕزگارییه‌ی ئاماده‌یه‌ له‌ كۆتایی زه‌مانه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ.

6

به‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ئێستا ده‌بێ به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان خه‌م بخۆن،

7

تاكو سه‌لماندنی باوه‌ڕتان - كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو نرخدارتره‌ كه‌وا به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌ - بۆ ستایش و شكۆ و ڕێز بێت له‌ ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیح‌دا.

8

هه‌رچه‌نده‌ نه‌تانبینیوه‌ خۆشتان ده‌وێ، ئێستاش نایبینن باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن و دڵخۆش ده‌بن به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر باسی ناكرێت و شكۆداره‌،

9

چونكه‌ ئامانجی باوه‌ڕتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، واتا ڕزگاری ده‌روونتان.

10

ئه‌و ڕزگارییه‌ی پێغه‌مبه‌ران بۆی گه‌ڕان و پشكنییان، سه‌باره‌ت به‌و نیعمه‌ته‌ی بۆ ئێوه‌یه‌ پێشبینییان كرد،

11

ده‌گه‌ڕان چ بارودۆخێك یان چ كاتێكه‌ ڕۆحی مه‌سیح دیاری ده‌كات كه‌ تیایان دایه‌، زوو شایه‌تییان داوه‌ بۆ ئازاره‌كانی مه‌سیح و ئه‌و شكۆمه‌ندییه‌ی دوای دێت.

12

بۆیان ئاشكرا كرا كه‌ بۆ خۆیان نین، به‌ڵكو خزمه‌تی ئێوه‌یان ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئێستا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا به‌هۆی ئه‌وانه‌ی موژده‌یان پێ به‌خشین به‌ ڕۆحی پیرۆز، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نێردراوه‌، فریشته‌كانیش به‌ په‌رۆشن بۆ بینینی.

13

بۆیه‌ با مێشكتان له‌ ئاماده‌باشی‌دا بێت، خۆڕاگر بن، هیواتان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ بێت كه‌ له‌ ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ دێت.

14

وه‌ك منداڵی گوێڕایه‌ڵ، وه‌ك كاتی نه‌زانی خۆتان له‌گه‌ڵ هه‌وه‌سه‌ كۆنه‌كانتان مه‌گونجێنن،

15

به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگی كردوون پیرۆزه‌، ئێوه‌ش له‌ هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتێك پیرۆز بن،

16

چونكه‌ نووسراوه‌: {پیرۆز بن، چونكه‌ من پیرۆزم.}

17

ئه‌گه‌ر له‌ باوك ده‌پاڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی بێ لایه‌نگری هه‌ر كه‌سێك به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كه‌ی حوكم ده‌دات، كه‌واته‌ له‌ كاتی نامۆییتان به‌ ترسه‌وه بژین.

18

ده‌زانن به‌ شتی له‌ناوچووی وه‌ك زێڕ و زیو نه‌كڕاونه‌ته‌وه‌، له‌و ژیانه‌ پووچه‌ی له‌ باوباپیرانه‌وه‌ بۆتان مابۆوه‌،

19

به‌ڵكو به‌ خوێنێكی گرانبه‌ها، خوێنی مه‌سیح، وه‌ك له‌ به‌رخێكی بێ له‌كه‌ و كه‌موكوڕی.

20

له‌پێش دامه‌زراندنی جیهان هه‌ڵبژێردرابوو، له‌ پێناوی ئێوه‌دا له‌م ڕۆژگارانه‌ی دوایی ده‌ركه‌وت.

21

به‌هۆیه‌وه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌ و شكۆی دایێ، كه‌وا هیوا و باوه‌ڕتان به‌ خودا بێت.

22

به‌ گوێڕایه‌ڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاك كردۆته‌وه‌ بۆ خۆشه‌ویستی برایانه‌ی بێ دووڕوویی، به‌ دڵێكی پاك به‌ توندی یه‌كتریتان خۆش‌بووێ.

23

ئێوه‌ش له‌دایك بوونه‌وه‌، نه‌ك به‌ تۆوێكی فه‌وتاو به‌ڵكو نه‌فه‌وتاو، به‌ وشه‌ی زیندووی خودا كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

24

چونكه‌:{هه‌موو مرۆڤێك وه‌ك گژوگیا وایه‌ وهه‌موو شكۆیه‌كه‌ی وه‌ك گوڵی ده‌شت وایه‌.گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ،

25

به‌ڵام وشه‌ی خوداوه‌ند تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێت.}ئه‌مه‌ش ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ پێی موژده‌تان درایێ.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®