Ahîda Nû
Kurdish Bible 1998
← 5

Aqûb 1

2 →
1

یاقوبی به‌نده‌ی خودا و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند،

2

خوشكان و برایانم، به‌وپه‌ڕی خۆشی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌،

3

ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست‌ده‌كات.

4

با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ شتێك نه‌بێت.

5

ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت.

6

به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات.

7

ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ شتێك له‌ خوداوه‌ند وه‌رده‌گرێت،

8

چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی چه‌سپاو نییه‌.

9

با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌ی بكات،

10

ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ك گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت.

11

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژ به‌ گه‌رمییه‌ سووتێنه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵهات، گژوگیا وشك بوو و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌را و دیمه‌نی جوانی نه‌ما. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ له‌ بازرگانییه‌كانیه‌وه‌ له‌ناوده‌چێت.

12

خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وه‌ی به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا تاجی ژیان وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت.

13

با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: (له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌.) چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، ئه‌ویش كه‌س تاقی ناكاته‌وه‌.

14

به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا.

15

كه‌ هه‌وه‌س سك بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مردن به‌رهه‌م دێنێت.

16

برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن.

17

هه‌موو به‌خشینێكی چاك و به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌.

18

خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕاستی له‌دایك ببین، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی به‌دیهێنراوانی.

19

برایانی خۆشه‌ویستم بزانن: با هه‌ر مرۆڤێك له‌ گوێگرتن خێرا بێت، له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ره‌خۆ بێت، له‌ تووڕه‌بوون خاو بێت.

20

چونكه‌ تووڕه‌یی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا نایه‌نێته‌ كایه‌وه‌.

21

كه‌واته‌ هه‌موو گڵاوی و گه‌شه‌كردنێكی به‌دكاری دابكه‌نن، ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئێوه‌دا چاندراوه‌ به‌ دڵنه‌رمییه‌وه‌ وه‌ری بگرن، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت گیانتان ڕزگار بكات.

22

ته‌نها گوێگری وشه‌كه‌ مه‌بن، به‌ڵكو كاری پێ بكه‌ن، ئه‌گینا خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.

23

چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێگری وشه‌كه‌ بێت و كاری پێ نه‌كات، وه‌ك یه‌كێك وایه‌ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ڕوخساری خۆی بكات،

24

ئینجا دوای ئه‌وه‌ی سه‌یری خۆی ده‌كات و ده‌ڕوات، یه‌كسه‌ر له‌بیری ده‌چێت چۆن بووه‌.

25

به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یری ناو شه‌ریعه‌تی ته‌واو بكات، شه‌ریعه‌تی ئازادی و تیای‌دا چه‌سپا، ئه‌وه‌ی گوێی لێ‌بووه‌ له‌بیری نه‌كات، به‌ڵكو كاری پێ بكا، ئه‌وا ئه‌مه‌ به‌ره‌كه‌تداره‌ له‌ كرداری.

26

ئه‌وه‌ی خۆی به‌ دیندار دابنێت و زمانی خۆی نه‌پارێزێت، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و دیندارییه‌كه‌ی پووچه‌.

27

ئایینی پاك و بێگه‌رد له‌لای خودای باوك ئه‌مه‌یه‌: به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌تیوان و بێوه‌ژنان له‌ ته‌نگانه‌یان‌دا، هه‌روه‌ها خۆی له‌ گڵاوی جیهان بپارێزێت بێ له‌كه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®