Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 6

1 Tîmotêyos 7

8 →
1

چونكه‌ ئه‌م مه‌لكیسادقه‌ - پاشای شالیم، هه‌روه‌ها كاهینی خودای هه‌ره‌به‌رز - كاتێ ئیبراهیم له‌ به‌زاندنی پاشاكان گه‌ڕایه‌وه‌، تووشی بوو و داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كرد،

2

ئه‌وه‌ی ئیبراهیم ده‌یه‌كی هه‌موو شتێكی بۆ جیا كرده‌وه‌. یه‌كه‌م جار ناوی به‌ واتای (پاشای ڕاستودروستی) دێت، دواتر (پاشای شالیم) واتا (پاشای ئاشتی).

3

بێ دایك و باوك، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌، بێ سه‌ره‌تای ڕۆژان و كۆتایی ژیان، به‌ڵكو وه‌ك كوڕی خودا وایه‌، تاهه‌تایه‌ به‌ كاهین ده‌مێنێته‌وه‌.

4

سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه‌ چه‌ند گه‌وره‌ بووه‌، ته‌نانه‌ت ئیبراهیمی بابه‌گه‌وره‌ ده‌یه‌كی ده‌ست‌كه‌وتی داوه‌تێ.

5

به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی لێڤین و كاهینیه‌تییان وه‌رگرتووه‌، ڕاسپارده‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك وه‌ربگرن، كه‌ برایانن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشتی ئیبراهیمن.

6

ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌وانیش نییه‌، ده‌یه‌كی له‌ ئیبراهیم وه‌رگرت و ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی هه‌یه‌ به‌ره‌كه‌تداری كرد.

7

بێ هه‌موو ده‌مه‌قاڵێیه‌ك، بچووكترین له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین به‌ره‌كه‌تدار ده‌كرێت.

8

لێره‌ش خه‌ڵكی كه‌ ده‌مرن ده‌یه‌ك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌وێ شایه‌تی بۆ ده‌درێت كه‌وا زیندووه‌.

9

ئاوا قسه‌یه‌ك ده‌كرێت: ته‌نانه‌ت لێڤی كه‌ ده‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ، خۆی به‌هۆی ئیبراهیم ده‌یه‌كی داوه‌،

10

چونكه‌ كاتێ مه‌لكیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی له‌ پشتی باوكی بوو.

11

ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌واوه‌تی به‌ كاهینیه‌تی لێڤی بووه‌ - كه‌ گه‌لیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ته‌وراتی وه‌رگرت - ئایا پێویسته‌ كاهینێكی دیكه‌ له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق و نه‌ك له‌ پله‌ی هاڕون قیت‌بكرێته‌وه‌؟

12

چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاهینیه‌تی بگۆڕێت، ئه‌وا پێویسته‌ شه‌ریعه‌تیش بگۆڕێت.

13

ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، سه‌ر به‌ هۆزێكی جیاوازه‌، له‌مه‌ كه‌س خزمه‌تی قوربانگای نه‌كردووه‌.

14

كه‌ ئاشكرایه‌ خوداوه‌ندمان بۆ هۆزی یه‌هودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، موساش له‌مه‌ڕ كاهینیه‌تی باسی ئه‌م هۆزه‌ی نه‌كردووه‌.

15

زۆر ڕوونتریشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌لكیسادق كاهینێكی دیكه‌ قیت‌بێته‌وه‌،

16

كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌وراتی ڕاسپارده‌ی جه‌سته‌یی دانه‌نرا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هێزی ژیانی نه‌فه‌وتاو.

17

چونكه‌ شایه‌تی ده‌دات:{تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت،له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق.}

18

ئیتر ڕاسپارده‌ی پێشوو لابردرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاواز و بێ سوود بوو -

19

چونكه‌ ته‌ورات هیچ شتێكی ته‌واو نه‌كرد - به‌ڵكو هیوایه‌كی چاكتر هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ خودا نزیك ده‌بینه‌وه‌.

20

ئه‌مه‌ش بێ سوێند نه‌بوو. چونكه‌ ئه‌وان بێ سوێند بوونه‌ كاهین،

21

به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ سوێنده‌وه‌ بوو، له‌وه‌ی پێی فه‌رموو:{خوداوه‌ند سوێندی خواردووه‌ وپاشگه‌ز نابێته‌وه‌:"تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت."}

22

به‌گوێره‌ی ئه‌م سوێنده‌ش عیسا بووه‌ ده‌سته‌به‌ری په‌یمانێكی باشتر.

23

كاهینه‌كان زۆربوون، چونكه‌ مه‌رگ بووه‌ كۆسپ له‌وه‌ی به‌رده‌وام بن.

24

به‌ڵام چونكه‌ عیسا تاهه‌تایه‌ ده‌مینێته‌وه‌، كاهینیه‌تییه‌كی نه‌گۆڕی هه‌یه‌.

25

له‌مه‌وه‌ش ده‌توانێ ئه‌وانه‌ به‌ ته‌واوی ڕزگار بكات كه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌چنه‌ لای خودا، ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌ژیێت تاكو داكۆكیان بۆ بكات.

26

چونكه‌ سه‌رۆك كاهینێكی ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، پیرۆز و بێ گله‌یی و بێ گڵاوی، له‌ گوناهباران جیاكرایه‌وه‌ و له‌ ئاسمان به‌رزتر كرا.

27

ئه‌و پێویستی به‌وه‌ نییه‌ وه‌ك سه‌رۆك كاهینانی دیكه‌ ڕۆژانه‌ قوربانی بكات، یه‌كه‌م بۆ گوناهه‌كانی خۆی و دوایی بۆ گوناهه‌كانی گه‌له‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌مه‌ی به‌ جارێك كرد كه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد.

28

چونكه‌ ته‌ورات كه‌سانێك له‌ پێگه‌ی سه‌رۆك كاهین داده‌نێت كه‌ لاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام وشه‌ی سوێند كه‌ دوای ته‌وراته‌، كوڕه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ تاهه‌تایه‌ ته‌واوكراوه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®