Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 4

Romayiyan 5

6 →
1

كه‌واته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ باوه‌ڕ بێ‌تاوان كراوین، به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان له‌گه‌ڵ خودا ئاشتیمان هه‌یه‌،

2

به‌هۆی ئه‌ویش ڕێپێدراویێتیمان وه‌رگرت به‌هۆی باوه‌ڕ بێینه‌ ناو ئه‌م نیعمه‌ته‌ی كه‌ ئێستا تێیدا نیشته‌جێین. شانازیش به‌ هیوای شكۆی خودا ده‌كه‌ین.

3

ته‌نها ئه‌مه‌ نا، به‌ڵكو له‌ ته‌نگانه‌ش‌دا شانازی ده‌كه‌ین، ده‌زانین ته‌نگانه‌ دانبه‌خۆداگرتن دروست‌ده‌كات،

4

دانبه‌خۆداگرتنیش ئه‌زموون، ئه‌زموونیش هیوا،

5

هیواش شه‌رمه‌زار ناكات، چونكه‌ خۆشه‌ویستی خودا ڕژاوه‌ته‌ ناو دڵمان، به‌ ڕۆحی پیرۆز كه‌ پێمان دراوه‌.

6

چونكه‌ كاتێ هێشتا لاواز بووین، مه‌سیح له‌ كاتی دیاریكراودا له‌ پێناو خوانه‌ناسان مرد.

7

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سێك له‌ پێناوی مرۆڤێكی ڕاستودروست ده‌مرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ پێناوی مرۆڤێكی باش كه‌سێك بوێرێت بمرێت.

8

به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ سه‌لماندین: هێشتا گوناهبار بووین مه‌سیح له‌ پێناومان‌دا مرد.

9

ئێستاش كه‌ به‌ خوێنی ئه‌و بێ‌تاوان كراوین، به‌هۆی ئه‌و چه‌نده‌ زیاتر له‌ تووڕه‌یی خودا ڕزگار ده‌بین!

10

چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاتێ دوژمن بووین له‌گه‌ڵ خودا، به‌ مردنی كوڕه‌كه‌ی ئاشت‌بووینه‌وه‌، ئه‌ی كاتێ ئاشت‌بووینه‌وه‌ چه‌ند زیاتر به‌ ژیانی ئه‌و ڕزگار ده‌بین!

11

نه‌ك ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو به‌هۆی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح شانازی به‌ خودا ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هۆیه‌وه‌ ئاشتبوونه‌وه‌مان وه‌رگرتووه‌.

12

له‌به‌ر ئه‌مه‌، چۆن به‌هۆی مرۆڤێك گوناه‌ هاته‌ جیهان، به‌هۆی گوناهیش مردن، به‌م شێوه‌یه‌ مردن هه‌موو خه‌ڵكی گرته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو گوناهیان كرد -

13

چونكه‌ پێش هاتنی ته‌ورات، گوناه‌ له‌ جیهان‌دا بوو. به‌ڵام كه‌ ته‌ورات نه‌بێت گوناه‌ ناژمێردرێت.

14

كه‌چی مردن له‌ ئاده‌مه‌وه‌ تاكو موسا حوكمڕانی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ شێوه‌ی یاخیبوونه‌كه‌ی ئاده‌م گوناهیان نه‌كردبوو، كه‌ نموونه‌ی كه‌سه‌ هاتووه‌كه‌یه‌.

15

به‌ڵام دیاری وه‌كو گوناه‌ نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر زۆر كه‌س به‌ گوناهی كه‌سێك مردن، جا چه‌ند زیاتر نیعمه‌تی خودا و دیارییه‌كه‌ به‌هۆی نیعمه‌تی مرۆڤێك كه‌ عیسای مه‌سیحه‌، بۆ زۆران ڕژایه‌وه‌.

16

هه‌روه‌ها ئه‌و دیارییه‌ وه‌ك ئه‌نجامی گوناهی مرۆڤێك نییه‌: چونكه‌ حوكمدان له‌ یه‌ك گوناهه‌وه‌ تاوانبار كردنی هێنا كایه‌وه‌، به‌ڵام دیاری له‌ گوناهی زۆره‌وه‌ بێ‌تاوانی هێنا كایه‌وه‌.

17

چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ گوناهی كه‌سێك مردن به‌هۆی ئه‌و كه‌سه‌ حوكمڕانی كرد، ئیتر چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی پڕی نیعمه‌ت و دیاری ڕاستودروستی وه‌رده‌گرن، له‌ ژیان‌دا حوكمڕانی ده‌كه‌ن به‌ كه‌سێك كه‌ عیسای مه‌سیحه‌.

18

كه‌واته‌ وه‌ك چۆن به‌ یه‌ك گوناه‌ تاوانباركردن بۆ هه‌موو مرۆڤ هاته‌ كایه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ كارێكی ڕاستودروست بێتاوانكردن هاته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ژیان بۆ هه‌موو مرۆڤ ده‌هێنێت.

19

چونكه‌ چۆن به‌ یاخیبوونی كه‌سێك زۆر كه‌س گوناهبار كران، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ گوێڕایه‌ڵی كه‌سێك زۆر كه‌س بێ‌تاوان ده‌كرێن.

20

ته‌ورات هات تاكو گوناه‌ زۆر بێت. به‌ڵام له‌كوێ گوناه‌ زۆر بوو، نیعمه‌ت زۆر زیاتر بوو،

21

تاكو چۆن گوناه‌ به‌ مردن حوكمڕانی كرد، ئاواش به‌ ڕاستودروستی نیعمه‌ت حوكمڕانی ده‌كات بۆ ژیانی تاهه‌تایی به‌ عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®