Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 2

Romayiyan 3

4 →
1

كه‌واته‌ جوله‌كه‌ چی زیاتره‌؟ یان سوودی خه‌ته‌نه‌كردن چییه‌؟

2

له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زیاتره‌. یه‌كه‌میان چونكه‌ وشه‌كانی خودایان پێ سپێردرا.

3

كه‌واته‌ چییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان باوه‌ڕیان نه‌هێنا؟ ئایا دڵسۆز نه‌بوونیان دڵسۆزی خودا پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌؟

4

نه‌خێر! به‌ڵكو با خودا ڕاستگۆ بێت و هه‌موو مرۆڤ درۆزن. وه‌ك نووسراوه‌:{تا له‌ قسه‌كانت ڕاست بیت وكاتێ حوكم ده‌ده‌یت سه‌ركه‌وتوو بیت.}

5

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناڕه‌واییمان ڕه‌وایی خودا ده‌رده‌خات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕه‌وایه‌ كه‌ تووڕه‌یی ده‌هێنێ؟ - (وه‌ك مرۆڤ قسه‌ ده‌كه‌م.)

6

نه‌خێر! ئه‌گینا چۆن خودا جیهان حوكم ده‌دات؟

7

له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێ: (ئه‌گه‌ر درۆی من ڕاستی خودا زیاتر بكات، بۆ شكۆی ئه‌و، ئیتر بۆچی هێشتا وه‌ك گوناهبار تاوانبار بكرێم؟)

8

وه‌ك هه‌ندێك بوختان به‌ ده‌ممانه‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن، ده‌ڵێن: (با خراپه‌ بكه‌ین تاكو چاكه‌ی به‌دواوه‌ بێت.) ئه‌وانه‌ تاوانباركردنیان دادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

9

كه‌واته‌ چی؟ ئێمه‌ باشترین؟ نه‌خێر، چونكه‌ ئێمه‌ جوله‌كه‌ و یۆنانیمان تۆمه‌تبار كرد كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن له‌ ژێر گوناهن،

10

وه‌ك نووسراوه‌:{كه‌س بێ‌تاوان نییه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش،

11

كه‌س نییه‌ تێبگات،كه‌س نییه‌ به‌دوای خودا بگه‌ڕێت.

12

هه‌موو ڕوویان وه‌رگێڕا وپێكڕا بێ سوود بوون.كه‌س نییه‌ چاكه‌ بكات،ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش نییه‌.}

13

{قوڕگیان گۆڕێكی كراوه‌یه‌،به‌ زمانیان فێڵبازی ده‌كه‌ن.}{ژه‌هری ماری كوشنده‌ له‌ ژێر لێویانه.}

14

{ده‌میان پڕه‌ له‌ نه‌فره‌ت و تاڵاو.}

15

{پێیان خێرایه‌ بۆ خوێن ڕشتن،

16

وێرانی و ده‌رده‌سه‌ری له‌ ڕێڕه‌ویانه‌،

17

ڕێگای ئاشتی پێنازانن.}

18

{ترسی خودایان له‌به‌ر چاو نییه‌.}

19

ئێستا ده‌زانین هه‌رچی شه‌ریعه‌ت ده‌یڵێت، به‌وانه‌ی ده‌ڵێت كه‌ له‌ ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌تدان، تاكو هه‌موو ده‌مێك دابخرێت و هه‌موو جیهان بكه‌وێته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ی خودا.

20

چونكه‌ به‌ كرداری شه‌ریعه‌ت كه‌س له‌لای بێ‌تاوان نابێت، به‌ڵكو گوناه‌ به‌هۆی شه‌ریعه‌ت ده‌ناسرێت.

21

به‌ڵام ئێستا بێتاوانكردن له‌ خوداوه‌ ئاشكرا كرا به‌بێ شه‌ریعه‌ت، ته‌ورات و پێغه‌مبه‌رانیش شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن.

22

ئه‌م بێتاوانكردنه‌ی له‌ خوداوه‌ به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ عیسای مه‌سیح بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنن، بۆ هه‌مووان به‌بێ جیاوازییه‌.

23

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو گوناهیان كرد و له‌ شكۆی خودا كه‌وتن،

24

به‌خۆڕایی به‌ نیعمه‌تی ئه‌و بێ‌تاوان كراون، به‌و كڕینه‌وه‌یه‌ی له‌ عیسای مه‌سیح دایه‌،

25

ئه‌وه‌ی خودا وه‌ك كه‌فاره‌ت پێشكه‌شی كرد، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ به‌ خوێنی ئه‌و بهێنین. ئه‌مه‌ی بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی خۆی كرد، له‌به‌ر چاوپۆشی له‌ گوناهه‌كانی ڕابوردوو، به‌ پشوودرێژیی خودا - -

26

بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی له‌ كاتی ئێستا، تاكو دادپه‌روه‌ر بێت و ئه‌وانه‌ بێ‌تاوان بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ عیسایه‌.

27

بۆیه‌ كوانێ له‌خۆباییبوون؟ شوێنی نه‌ماوه‌. به‌ چ یاسایه‌ك؟ ئایا هی كردار؟ نه‌خێر، به‌ڵكو به‌ یاسای باوه‌ڕ.

28

كه‌واته‌ دانده‌نێین مرۆڤ به‌ باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌كرێت، جیا له‌ كرداری شه‌ریعه‌ت.

29

ئایا خودا ته‌نها هی جوله‌كه‌یه‌؟ ئه‌ی هی نه‌ته‌وانیش نییه‌؟ به‌ڵێ، هی نه‌ته‌وانیشه‌،

30

چونكه‌ یه‌ك خودایه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌كراو به‌ باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌كات، خه‌ته‌نه‌ نه‌كراویش به‌هۆی باوه‌ڕ.

31

ئایا شه‌ریعه‌ت به‌ باوه‌ڕ پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ نه‌خێر، به‌ڵكو شه‌ریعه‌ت ده‌چه‌سپێنین.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®