Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 7

Karên Şandiyan 8

9 →
1

شاول به‌ كوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا كڵێسا له‌ ئۆرشه‌لیم تووشی چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی توند هات. هه‌موو به‌ ناوچه‌كانی یه‌هودیا و سامیره‌دا په‌رش‌وبڵاو بوونه‌وه‌، نێردراوان نه‌بێت.

2

هه‌ندێك پیاوی له‌خواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسه‌یه‌كی باشیان بۆ دانا.

3

به‌ڵام شاول كڵێسای له‌ناوده‌برد، ماڵ به‌ ماڵ ژن و پیاوی ڕاده‌كێشا و فڕێی‌ده‌دانه‌ زیندان.

4

ئه‌وانه‌ی په‌رش‌وبڵاو ببوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڕان و موژده‌ی وشه‌كه‌یان ده‌دا.

5

فیلیپۆس شۆڕبۆوه‌ شارێكی سامیره‌ و مه‌سیحه‌كه‌ی بۆ جاڕده‌دان.

6

خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ یه‌ك دڵ گوێیان له‌وه‌ ده‌گرت كه‌ فیلیپۆس ده‌یووت، كاتێ ئه‌و نیشانانه‌یان ده‌بیست و ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد.

7

ڕۆحی‌پیسیش له‌ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی تیایان‌دا بوو به‌ ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد و ده‌رده‌چوون، زۆر گۆج و شه‌لیش چاكبوونه‌وه‌.

8

جا خۆشییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه‌.

9

پێشتر له‌ شاره‌كه‌ پیاوێك هه‌بوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی ده‌كرد و خه‌ڵكی سامیره‌ی سه‌رسام كردبوو، ده‌یووت: (پیاوێكی پایه‌ به‌رزم!)

10

گه‌وره‌ و بچووك هه‌موو گوێیان لێ ده‌گرت و ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌یه‌ هێزی خودا كه‌ پێی ده‌ووترێ گه‌وره‌.)

11

ئه‌وان گوێیان بۆ ده‌گرت، چونكه‌ له‌مێژ بوو به‌ جادووه‌كه‌ی سه‌رسامی كردبوون.

12

به‌ڵام كاتێ فیلیپۆس موژده‌ی له‌مه‌ڕ پاشایه‌تی خودا و ناوی عیسای مه‌سیحی پێ‌دان، باوه‌ڕیان كرد، ژن و پیاویش له‌ئاوهه‌ڵكێشران.

13

شیمۆنیش به‌خۆی باوه‌ڕی هێنا، كاتێ له‌ئاوهه‌ڵكێشرا دوای فیلیپۆس كه‌وت، نیشانه‌ و په‌رجوی گه‌وره‌ی ده‌بینی ده‌كرا، سه‌رسام بوو.

14

كاتێ نێردراوان له‌ ئۆرشه‌لیم بیستیان سامیره‌ وشه‌ی خودای په‌سه‌ند كردووه‌، په‌ترۆس و یۆحه‌نایان بۆ ناردن.

15

كاتێ هاتن، نوێژیان بۆ كردن تاكو ڕۆحی پیرۆز وه‌ربگرن،

16

چونكه‌ هێشتا نه‌هاتبووه‌ سه‌ر كه‌سیان، ته‌نها به‌ ناوی عیسای خوداوه‌ند له‌ئاوهه‌ڵكێشرابوون.

17

جا په‌ترۆس و یۆحه‌نا ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرت.

18

شیمۆن بینی به‌ ده‌ست‌دانانی نێردراوان ڕۆحه‌كه‌ ده‌درێت، پاره‌ی بۆ هێنان و

19

وتی: (ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ منیش بده‌ن، تاكو ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك دابنێم ڕۆحی پیرۆز وه‌ربگرێت.)

20

په‌ترۆس پێی‌ووت: (با زیوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خۆت له‌ناوبچێت! چونكه‌ واتزانی به‌هره‌ی خودا به‌ پاره‌ ده‌بێت!

21

له‌م شته‌دا نه‌ به‌شت هه‌یه‌ و نه‌ پشك، چونكه‌ دڵت به‌رامبه‌ر خودا ڕاست نییه‌.

22

له‌م خراپه‌یه‌ت تۆبه‌ بكه‌ و له‌ خوداوه‌ند بپاڕێوه‌ به‌ڵكو له‌ مه‌به‌ستی دڵت خۆش بێت،

23

چونكه‌ ده‌تبینم له‌ تاڵی تاڵاو و به‌ندی گوناهیت.)

24

شیمۆن وتی: (ئێوه‌ له‌ پێناوی من داوا له‌ خوداوه‌ند بكه‌ن، تاكو هیچ شتێك له‌وه‌ی باستان كرد به‌ سه‌رم‌دا نه‌یه‌ت.)

25

دوای ئه‌وه‌ی په‌ترۆس و یۆحه‌نا شایه‌تییان دا و به‌ وشه‌ی خوداوه‌ند قسه‌یان كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم و موژده‌یان دایه‌ زۆر گوندی سامیره‌یی.

26

فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ فیلیپۆس دووا و وتی: (هه‌سته‌ و به‌ره‌و خواروو بڕۆ، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ غه‌زه‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چۆڵه‌وانییه‌.)

27

ئه‌ویش هه‌ڵستا و ڕۆیشت، پیاوێكی خه‌ساوی حه‌به‌شی، وه‌زیری كاروباری دارایی كنداكه‌ی شاژنی حه‌به‌شه‌ بوو، بۆ په‌رستن هاتبووه‌ ئۆرشه‌لیم.

28

له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بوو، له‌ناو گالیسكه‌كه‌ی دانیشتبوو، سیپاره‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ری ده‌خوێنده‌وه‌.

29

ڕۆحی پیرۆز به‌ فیلیپۆسی فه‌رموو: (بڕۆ پێش و به‌گه‌ڵ ئه‌و گالیسكه‌یه‌ بكه‌وه‌.)

30

ئیتر فیلیپۆس په‌له‌ی كرد و گوێی لێ‌بوو سیپاره‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. وتی: (ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێی‌ده‌گه‌یت؟)

31

وتی: (چۆن بتوانم ئه‌گه‌ر یه‌كێك ڕێنماییم نه‌كات؟) جا فیلیپۆسی بانگ‌كرد سه‌ربكه‌وێت و له‌گه‌ڵی دابنیشێت.

32

ئه‌و بڕگه‌یه‌ی نووسراوه‌كان كه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌ ئه‌مه‌ بوو:{وه‌ك مه‌ڕ بۆ سه‌ربڕین بردرا،وه‌ك به‌رخ بێ‌ده‌نگ له‌به‌رده‌ست ئه‌وه‌ی ده‌یبڕێته‌وه‌،ئاوا ده‌می نه‌كرده‌وه‌.

33

له‌ كاتێك‌دا ڕۆح‌سووك بوو مافی لێ زه‌وت كرا.ئیتر كێ باسی نه‌وه‌كانی ده‌كات؟چونكه‌ ژیانی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵگیرا.}

34

خه‌ساوه‌كه‌ پرسیاری له‌ فیلیپۆس كرد: (پرسیارێكم هه‌یه‌: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ باسی كێ ده‌كات؟ باسی خۆی یان یه‌كێكی دیكه‌؟)

35

فیلیپۆس ده‌می كرده‌وه‌ و له‌م نووسراوه‌وه‌ ده‌ستی پێ‌كرد موژده‌ی عیسای بداتێ.

36

كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون، گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئاوێك، خه‌ساوه‌كه‌ وتی: (ئه‌وه‌ ئاوه‌، چی ڕێم لێ ده‌گرێت له‌ ئاو هه‌ڵبكێشرێم؟)

37

[فیلیپۆس وتی: (ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌موو دڵته‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنیت.) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (باوه‌ڕ ده‌كه‌م عیسای مه‌سیح كوڕی خودایه‌.)]

38

ئینجا فه‌رمانی دا گالیسكه‌كه‌ ڕاوه‌ستێ، ئه‌وسا پێكه‌وه‌ چوونه‌ ناو ئاوه‌كه‌ و فیلیپۆس خه‌ساوه‌كه‌ی له‌ئاوهه‌ڵكێشا.

39

كاتێ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رچوون، ڕۆحی خوداوه‌ند فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خه‌ساوه‌كه‌ نه‌یبینییه‌وه‌، به‌ڵام به‌ خۆشییه‌وه‌ به‌ ڕێگای خۆی‌دا ڕۆیشت.

40

فیلیپۆسیش له‌ ئه‌شدود بینرایه‌وه‌، دواتر به‌ هه‌موو شاره‌كان‌دا ده‌گه‌ڕا و موژده‌ی ده‌دا تاكو گه‌یشته‌ قه‌یسه‌رییه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®