Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 5

Karên Şandiyan 6

7 →
1

له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ قوتابییه‌كان زیادیان ده‌كرد، جوله‌كه‌ یۆنانییه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر عیبرانییه‌كان كرد كه‌ له‌ یارمه‌تی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ ده‌خرێن.

2

بۆیه‌ دوازده‌كه‌ كۆمه‌ڵی قوتابییه‌كانیان بانگ‌كرد و وتیان: (باش نییه‌ بۆمان واز له‌ وشه‌ی خودا بهێنین و خزمه‌تی خوانه‌كان بكه‌ین.

3

برایان، له‌نێو خۆتان‌دا حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت و پڕبن له‌ ڕۆح و دانایی، تاكو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ دایانبنێین.

4

ئێمه‌ش خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ نوێژكردن و خزمه‌تی وشه‌ی خودا.)

5

هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هه‌ڵبژارد، كه‌ پیاوێكی پڕ له‌ باوه‌ڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، له‌گه‌ڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیكانۆر و تیمۆن و په‌رمیناس و نیكۆلاوسی ئه‌نتاكی كه‌ ببووه‌ جوله‌كه‌.

6

له‌پێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئه‌وانیش نوێژیان كرد و ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان.

7

ئیتر وشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كرد، ژماره‌ی قوتابییه‌كانیش له‌ ئۆرشه‌لیم زۆر زیاتر بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاهینانیش گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕه‌كه‌ بوون.

8

ستیفانۆس پڕ له‌ نیعمه‌ت و هێز بوو، په‌رجو و نیشانه‌ی گه‌وره‌ی له‌نێو گه‌ل‌دا ده‌كرد.

9

جا هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌و كه‌نیشته‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا كه‌نیشتی ئازادكراوان، له‌گه‌ڵ كورێنییه‌كان و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ كیلیكیا و ئاسیان، هه‌ڵستان و ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ ستیفانۆس كرد.

10

به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و داناییه‌ و ڕۆحه‌ بكه‌ن كه‌ پێی ده‌دووا.

11

بۆیه‌ به‌دزییه‌وه‌ خه‌ڵكیان هاندا تاكو بڵێن: (گوێمان لێی‌بوو سه‌باره‌ت به‌ موسا و خودا كفری ده‌كرد.)

12

ئینجا گه‌ل و پیران و مالمه‌كانیان جۆش‌دا، هاتنه‌ سه‌ری و گرتییان، بۆ سه‌نهه‌درینیان هێنا.

13

شایه‌تی درۆزنیان دانا، ده‌یان‌ووت: (ئه‌م پیاوه‌ وه‌ستانی نییه‌ له‌ قسه‌كردن دژی ئه‌م شوێنه‌ پیرۆزه‌ و ته‌ورات.

14

چونكه‌ گوێمان لێی‌بوو ده‌یووت كه‌ عیسای ناسیره‌یی ئه‌م شوێنه‌ تێكده‌دات و ئه‌و نه‌ریتانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ له‌ موساوه‌ وه‌رمانگرتووه‌.)

15

جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نهه‌درین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وه‌ك ڕووی فریشته‌ وایه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®