Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 2

Karên Şandiyan 3

4 →
1

له‌ كاتی نوێژی كاتژمێر سێ په‌ترۆس و یۆحه‌نا سه‌ركه‌وتن بۆ په‌رستگا.

2

پیاوێك به‌ زگماك ئیفلیج بوو، هه‌ڵده‌گیرا، ڕۆژانه‌ بۆ سواڵكردن له‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ په‌رستگا، له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌ی په‌رستگا داده‌نرا كه‌ پێی ده‌ووترا جوان.

3

په‌ترۆس و یۆحه‌نای بینی به‌ نیازن دێنه‌ ناو په‌رستگا، داوای خێری لێ‌كردن.

4

په‌ترۆس له‌گه‌ڵ یۆحه‌نا تێی‌ڕووانی، وتی: (سه‌یرمان بكه‌!)

5

ئه‌ویش چاوی تێبڕین و چاوه‌ڕێی ده‌كرد شتێكیان لێ وه‌رگرێت.

6

په‌ترۆس وتی: (زێڕ و زیوم نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ ده‌تده‌مێ. به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی ناسیره‌ییه‌وه‌، هه‌سته‌ و بڕۆ!)

7

ئینجا به‌ ده‌ستی ڕاستی گرتی و هه‌ڵیستاند، یه‌كسه‌ر هێز كه‌وته‌ پێ و پاژنه‌كانی.

8

ئیتر هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕاوه‌ستا و ده‌ستی به‌ ڕۆیشتن كرد، له‌گه‌ڵیان چووه‌ ناو په‌رستگا، ده‌ڕۆیشت و هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه‌ و ستایشی خودای ده‌كرد.

9

هه‌موو خه‌ڵك بینییان ده‌ڕوات و ستایشی خودا ده‌كات.

10

جا ناسییانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ سواڵكردن له‌لای ده‌رگای جوانی په‌رستگا داده‌نیشت، سه‌رسامی و حه‌په‌ساوییش دایگرتن له‌وه‌ی به‌سه‌ری هات.

11

كاتێ پیاوه‌كه‌ به‌ په‌ترۆس و یۆحه‌ناوه‌ نووسابوو، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ڕایانكرده‌ لایان بۆ ئه‌و هه‌یوانه‌ی كه‌ پێی ده‌ووترا هه‌یوانی سلێمان.

12

په‌ترۆس ئه‌مه‌ی بینی، پێی‌ووتن: (پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی له‌مه‌ سه‌رسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ توانا یان به‌ خواترسیمان وامان‌كردووه‌ بڕوات؟

13

خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوكانمان، عیسای خزمه‌تكاری خۆی شكۆدار كرد، ئه‌وه‌ی به‌ گرتنتان دا و له‌به‌رده‌م پیلاتۆس نكۆڵیتان لێ‌كرد، كه‌ بڕیاری دابوو به‌ری‌بدات.

14

ئێوه‌ نكۆڵیتان له‌ پیرۆز و ڕاستودروسته‌كه‌ كرد و داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی بكوژێكتان كرد.

15

سه‌رۆكی ژیانتان كوشت، ئه‌وه‌ی خودا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌ و ئێمه‌ شایه‌تین بۆ ئه‌مه‌.

16

به‌ باوه‌ڕ به‌ ناوی عیسا ئه‌م پیاوه‌ی به‌هێز كرد كه‌وا ده‌یبینن و ده‌یناسن. ناوی ئه‌و و باوه‌ڕیش به‌هۆی ئه‌و له‌به‌رچاوی هه‌مووتان ئه‌م ته‌ندروستییه‌ی پێ‌داوه‌.

17

ئێستاش برایان ده‌زانم به‌ نه‌زانی ئه‌وه‌تان كرد، هه‌روه‌ك سه‌رۆكه‌كانیشتان.

18

به‌ڵام خودا ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ر زمانی هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌وا مه‌سیحه‌كه‌ی خۆی ئازار ده‌چێژێت، ئاوا هێنایه‌ دی.

19

كه‌واته‌ تۆبه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خودا تاكو گوناهه‌كانتان بسڕێنه‌وه‌،

20

تاكو له‌لای خوداوه‌نده‌وه‌ كاتی حه‌سانه‌وه‌تان بێت و مه‌سیحه‌كه‌تان بۆ بنێرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر بۆتانی دیاری كردبوو - عیسا،

21

ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ ئاسمان بیهێڵێته‌وه‌، تاكو كاتی چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ی له‌ كۆنه‌وه‌ خودا له‌سه‌ر زاری پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانی باسی كردووه‌.

22

موساش وتی: {خوداوه‌ندی خوداتان له‌نێو برایانتان‌دا پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك منتان بۆ قیت‌ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێتانی ده‌ڵێت گوێی لێ بگرن.

23

جا هه‌ر كه‌سێك گوێ له‌م پێغه‌مبه‌ره‌ نه‌گرێت له‌ناو گه‌ل ده‌بڕدرێته‌وه‌.}

24

هه‌موو پێغه‌مبه‌رانیش، له‌ سامۆئیل به‌دواوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان كردووه‌، باسی ئه‌م ڕۆژانه‌یان كردووه‌.

25

ئێوه‌ش كوڕی پێغه‌مبه‌ران و ئه‌و په‌یمانه‌ن كه‌ خودا له‌گه‌ڵ باوكانتان‌دا به‌ستی، به‌ ئیبراهیمی فه‌رموو: {به‌ نه‌وه‌ی تۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی زه‌وی به‌ره‌كه‌تدار ده‌كرێن.}

26

یه‌كه‌م جار خودا خزمه‌تكاره‌كه‌ی بۆ ئێوه‌ قیت‌كرده‌وه‌، ناردوویه‌تی تاكو به‌ره‌كه‌تتان بداتێ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌تان له‌ خراپه‌كانی.)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®