Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 26

Karên Şandiyan 27

28 →
1

كاتێك بڕیار درا به‌ ده‌ریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵۆس و هه‌ندێك به‌ندكراوی دیكه‌ درانه‌ ده‌ست سه‌رپه‌لێك له‌ سوپای ئیمپراتۆر ناوی یولیۆس بوو.

2

سواری كه‌شتییه‌كی ئه‌درامیتی بووین، كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ چه‌ند شوێنێكی ئاسیادا بڕوات، جا به‌ڕێ‌كه‌وتین. ئه‌ریسته‌رخۆسی مه‌كدۆنیمان له‌گه‌ڵ‌بوو، خه‌ڵكی سالۆنیكییا.

3

بۆ به‌یانی گه‌یشتینه‌ سه‌یدا. یولیۆس له‌گه‌ڵ پۆڵۆس باش بوو، ڕێگای دا بچێته‌ لای براده‌رانی تاكو پێویستییه‌كانی دابین بكه‌ن.

4

ئینجا له‌وێوه‌ به‌ڕێ‌كه‌وتین و به‌ په‌نای قوبرس‌دا ڕۆیشتین، چونكه‌ با پێچه‌وانه‌ بوو.

5

كه‌ ئه‌و ده‌ریایه‌مان بڕی، ئه‌وه‌ی له‌ ته‌نیشت كیلیكیا و په‌مفیلیایه‌، له‌ میرای لیكیه‌ دابه‌زین.

6

له‌وێ سه‌رپه‌له‌كه‌ كه‌شتییه‌كی دۆزییه‌وه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری بوو ده‌چووه‌ ئیتالیا، سواری كردین.

7

كه‌شتییه‌كه‌ ڕۆژانێكی زۆر به‌ هێواشی ده‌ڕۆیشت و به‌ زه‌حمه‌ت له‌ كنیدۆس نزیك كه‌وتینه‌وه‌، بایه‌كه‌ نه‌یهێشت زیاتر بڕۆین، به‌ په‌نای كریت‌دا و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رلمۆن ڕۆیشتین.

8

به‌ ڕه‌نجكێشان تێپه‌ڕمان كرد و گه‌یشتینه‌ شوێنێك پێی ده‌ووترێ به‌نده‌ره‌ باشه‌كان، كه‌ شاری له‌سائیه‌ نزیكییه‌تی.

9

كاتێ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌سه‌ر چوو و گه‌شتكردن ترسناك بوو، ڕۆژووگرتنیش به‌سه‌رچوو بوو. پۆڵۆس ئاگاداری كردنه‌وه‌ و

10

پێی‌ووتن: (كوڕینه‌، ده‌بینم گه‌شته‌كه‌ به‌ تێكشكان و زیانێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بێت، نه‌ك ته‌نها بۆ كه‌شتی و باره‌كه‌ی، به‌ڵكو بۆ ژیانیشمان.)

11

به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ لایه‌نگری كه‌شتیوان و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كرد، نه‌ك قسه‌ی پۆڵۆس.

12

چونكه‌ به‌نده‌ره‌كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی زستان باش نه‌بوو، زۆربه‌یان بڕیاریان دا ئه‌وێش به‌جێ‌بهێڵن، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ فینكس تاكو زستانی تێدا به‌سه‌رببه‌ن، كه‌ به‌نده‌رێكی كریت بوو ڕووه‌و باشووری ڕۆژهه‌ڵات و باكووری ڕۆژئاوا.

13

كه‌ شنه‌بای باشوور هه‌ڵیكرد، وایانزانی به‌ مرازیان گه‌یشتن، له‌نگه‌ریان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ نزیك كه‌ناری كریت‌دا تێده‌په‌ڕین.

14

به‌ڵام دوای كه‌مێك گه‌رده‌لوولێك هه‌ڵیكرد، پێی ده‌ووترا ئوراكولۆن.

15

كه‌شتییه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و نه‌یتوانی ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دا و هاژووراین.

16

به‌ره‌و په‌نای دورگه‌یه‌كی بچووك ناوی كه‌ودا بوو، به‌ زه‌حمه‌ت توانیمان به‌له‌می ڕزگاربوون بخه‌ینه‌ ژێر ڕكێفمانه‌وه‌.

17

كاتێ به‌رزیان كرده‌وه‌، گوریسیان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ به‌كارده‌هێنا. ده‌ترسان بكه‌ونه‌ ناو ته‌نكاوی سیرتیس، ئیتر چارۆگه‌كانیان دابه‌زاند و ئاوا هاژووراین.

18

بۆ به‌یانی ڕه‌شه‌بایه‌كه‌ توند بوو، ده‌ستیان به‌ سووككردنی باره‌كه‌ كرد.

19

له‌ ڕۆژی سێیه‌م به‌ ده‌ستی خۆیان كه‌لوپه‌لی كه‌شتییه‌كه‌یان فڕێدا.

20

ڕۆژانێكی زۆر نه‌ خۆرمان بینی و نه‌ ئه‌ستێره‌، ڕه‌شه‌بایه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌ كۆتایی‌دا هه‌موو هیوایه‌كی ڕزگاربوونمان بڕا.

21

كاتێ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نانیان نه‌خواردبوو، پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و وتی: (كوڕینه‌، ده‌بووایه‌ گوێتان له‌ من بگرتبووایه‌ و كریتتان به‌جێ نه‌هێشتبووایه‌، ئه‌وسا له‌م تێكشكان و زیانه‌ دوور ده‌بوون.

22

ئێستاش لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ وره‌ به‌رنه‌ده‌ن، كه‌ستان ژیانی له‌ده‌ست نادات، كه‌شتییه‌كه‌ نه‌بێت.

23

چونكه‌ ئه‌م شه‌و فریشته‌ی ئه‌و خودایه‌ی من هی ئه‌وم و ده‌یپه‌رستم هاته‌ لام،

24

وتی: "پۆڵۆس مه‌ترسه‌! ده‌بێت تۆ له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ر ڕاوه‌ستیت و ئه‌وه‌تا خودا ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ت ده‌داتێ كه‌ له‌گه‌ڵت گه‌شت ده‌كه‌ن."

25

كه‌واته‌ كوڕینه‌، وره‌به‌رز بن. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ خودا هه‌یه‌ كه‌ ئاوا ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێم وتراوه‌.

26

به‌ڵام ده‌بێت بكه‌وینه‌ سه‌ر دوورگه‌یه‌ك.)

27

له‌ شه‌وی چوارده‌یه‌مین‌دا كه‌ هێشتا له‌ ده‌ریای ئه‌دریا ده‌هاژووراین، له‌ نیوه‌ شه‌ودا كه‌شتیوانان وایانزانی له‌ وشكایی نزیك ده‌بنه‌وه‌.

28

كه‌ پێوایان بینییان بیست باڵایه‌. كه‌مێك ڕۆیشتن و پێوایانه‌وه‌ بینییان پازده‌ باڵایه‌.

29

ده‌ترسان نه‌وه‌ك بكه‌ونه‌ سه‌ر به‌رد، له‌ پشته‌وه‌ چوار له‌نگه‌ریان شۆڕكرده‌وه‌ و ده‌پاڕانه‌وه‌ تاكو ڕۆژ هه‌ڵبێت.

30

كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، به‌له‌می ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێك بهاوێنه‌ پێشه‌وه‌.

31

پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی وت: (ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌، ناتوانن ڕزگارتان بێت.)

32

ئه‌وسا سه‌ربازه‌كان په‌تی به‌له‌مه‌كه‌یان بڕی و وازیان لێی هێنا بكه‌وێت.

33

كاتێ خه‌ریك بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵۆس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، وتی: (ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن.

34

بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت.)

35

كه‌ ئه‌مه‌ی وت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تی‌كرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد.

36

ئیتر هه‌موو وره‌یان به‌رزبۆوه‌ و ئه‌وانیش نانیان برد.

37

ئه‌وانه‌ی ناو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین.

38

كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی دانه‌وێڵه‌كه‌ بۆ ناو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووك‌كرد.

39

كاتێ ڕۆژ‌بۆوه‌، وشكایه‌تییه‌كه‌یان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن.

40

ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل‌كرد و چارۆگه‌یان بۆ بایه‌ هه‌ڵكردووه‌كه‌ هه‌ڵدا، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن.

41

به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكایی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جووڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆڵ پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا.

42

پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ك كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت.

43

به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵۆس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌م جار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكایی.

44

ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®