Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 12

Karên Şandiyan 13

14 →
1

له‌ ئه‌نتاكیا له‌ناو كڵێسادا پێغه‌مبه‌ر و مامۆستا هه‌بوون: به‌رنابا، شیمۆنی ناسراو به‌ ڕه‌ش، لوكیوسی كورێنی، مه‌ناینی شیربرای هێرۆدسی تیترارك، له‌گه‌ڵ شاول.

2

كاتێ خوداوه‌ندیان ده‌په‌رست و به‌ڕۆژووبوون، ڕۆحی پیرۆز فه‌رمووی: (به‌رنابا و شاولم بۆ ته‌رخان بكه‌ن، بۆ ئه‌و كاره‌ی بانگم كردوون بۆی.)

3

ئینجا به‌ڕۆژوو بوون و نوێژیان كرد، ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و به‌ڕێیانكردن.

4

ئه‌وانیش كه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز نێردران، به‌ره‌و سولوكیا دابه‌زین و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا بۆ قوبرس.

5

كاتێ گه‌یشتنه‌ سه‌لامیس، وشه‌ی خودایان له‌ كه‌نیشته‌كانی جوله‌كه‌ ڕاگه‌یاند، یۆحه‌ناش وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵیان بوو.

6

به‌ هه‌موو دورگه‌كه‌دا گه‌ڕان تاكو گه‌یشتنه‌ پافۆس. له‌وێ تووشی جادووگه‌رێكی جوله‌كه‌ بوون پێغه‌مبه‌رێكی درۆزن بوو، ناوی بارئیسا بوو،

7

له‌گه‌ڵ سرگیۆس پۆڵۆسی فه‌رمانڕه‌وا بوو، كه‌ پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو. به‌رنابا و شاولی بانگ‌كرد، داوای كرد گوێی له‌ وشه‌ی خودا بێت.

8

به‌ڵام ئه‌لیماسی جادووگه‌ر - ئه‌مه‌ ناوه‌كه‌ی بوو - به‌ربه‌ره‌كانێی كردن و هه‌وڵی دا فه‌رمانڕه‌وا له‌ باوه‌ڕ لابدات.

9

كه‌چی شاول كه‌ پۆڵۆسی پێ ده‌ووترا، پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆز و تێی‌ڕووانی،

10

وتی: (ئه‌ی پڕ له‌ هه‌موو فریو و فێڵ! كوڕی شه‌یتان! دوژمنی هه‌موو ڕاستودروستییه‌ك! له‌ خواركردنی ڕێگای ڕاستی خوداوه‌ند ناوه‌ستی؟

11

ئه‌وه‌تا ده‌ستی خوداوه‌ندت له‌سه‌ره‌ و كوێر ده‌بیت، بۆ ماوه‌یه‌ك خۆر نابینی.)یه‌كسه‌ر ته‌م و تاریكی دایپۆشی و گه‌ڕا به‌دوای یه‌كێك تاكو ده‌ستی بگرێت.

12

كاتێ فه‌رمانڕه‌واكه‌ بینی چ ڕووی‌دا، باوه‌ڕی هێنا، له‌ فێركردنه‌كه‌ی خوداوه‌ند سه‌رسام بوو.

13

پۆڵۆس و هاوڕێیانی به‌ ده‌ریادا له‌ پافۆسه‌وه‌ چوونه‌ په‌رگه‌ له‌ په‌مفیلیا. به‌ڵام یۆحه‌نا لێیان جیابۆوه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.

14

ئه‌وانیش به‌ په‌رگه‌دا هاتنه‌ ئه‌نتاكیای پیسیدیا، شه‌ممه‌ش چوونه‌ كه‌نیشت و دانیشتن.

15

پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌ورات و سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه‌ بۆیان ناردن و پێیان وتن: (برایان، ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه‌ گه‌لی پێ هانبده‌ن، بیڵێن.)

16

پۆڵۆس هه‌ڵستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، وتی: (پیاوانی ئیسرائیل و ئه‌وانه‌ی له‌ خودا ده‌ترسن، گوێ‌بگرن:

17

خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسرائیل باوكانمانی هه‌ڵبژارد و له‌ كاتی ئاواره‌بوونیان له‌ خاكی میسردا گه‌لی پایه‌ به‌رز كرد، به‌ بازووێكی به‌رزیشه‌وه‌ له‌وێ ده‌ریهێنان.

18

نزیكه‌ی چل ساڵیش له‌ چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی گرتن.

19

ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له‌ خاكی كه‌نعان له‌ناوبرد و خاكه‌كه‌یانی به‌ میرات پێ‌دان.

20

ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند.دوای ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان تاكو سامۆئیل پێغه‌مبه‌ر.

21

ئینجا داوای پاشایان كرد، خوداش شاولی كوڕی قیشی پێ‌دان، پیاوێكه‌ له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردن.

22

پاشان لای‌برد و داودی كرده‌ پاشایان، ئه‌وه‌ی شایه‌تی بۆ دا و فه‌رمووی: {داودی كوڕی یه‌سام دۆزییه‌وه‌، پیاوێكه‌ به‌ دڵی من، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات.}

23

له‌ نه‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌، خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی عیسای ڕزگاركه‌ری بۆ ئیسرائیل هێنا.

24

پێش هاتنی عیسا، یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی ئیسرائیل جاڕدا.

25

كاتێ یه‌حیا خه‌باته‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، وتی: "واده‌زانن من كێم؟ ئه‌و نیم. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی دوای من دێت، ئه‌وه‌ی من شایانی ئه‌وه‌ نیم سۆله‌كانی پێی بكه‌مه‌وه‌."

26

خه‌ڵكینه‌، برایان، كوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئه‌وانه‌ی له‌نێوتان‌دا له‌ خودا ده‌ترسن، په‌یامی ئه‌م ڕزگارییه‌ بۆ ئێمه‌ نێردراوه‌.

27

چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیم دانیشتوون و سه‌رۆكه‌كانیان عیسایان نه‌ناسی، كاتێ تاوانباریان كرد، وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیان هێنایه‌ دی كه‌ هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ك ده‌خوێندرێته‌وه‌.

28

جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هۆیه‌كیان بۆ مردن نه‌دۆزییه‌وه‌، داوایان له‌ پیلاتۆس كرد بیكوژێت.

29

دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ته‌واو كرد كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌، له‌ دار هێنایانه‌ خواره‌وه‌ و خستیانه‌ گۆڕ.

30

به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌،

31

ڕۆژانێكی زۆریش بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ جه‌لیله‌وه‌ تاكو ئۆرشه‌لیم له‌گه‌ڵی‌دا هاتبوون. ئێستا ئه‌وان شایه‌تی ئه‌ون بۆ گه‌له‌كه‌.

32

ئێمه‌ش موژده‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێ ده‌ده‌ین كه‌ بۆ باوكانمان هات،

33

ئه‌وه‌ی خودا بۆ ئێمه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌وان هێنایه‌ دی، به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی عیسا، وه‌ك له‌ زه‌بووری دووه‌م‌دا نووسراوه‌:{تۆ كوڕی منی،من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت.}

34

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خودا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌ و ئیتر بۆ بۆگه‌نی ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئاوای فه‌رمووه‌:{ئه‌و به‌ڵێنه‌ پیرۆز و مسۆگه‌ره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ به‌ داودم دابوو.}

35

بۆیه‌ له‌ زه‌بوورێكی دیكه‌ ده‌فه‌رمووێ:{ڕێ ناده‌یت تاقانه‌ پیرۆزی خۆت بۆگه‌نی ببینێت.}

36

چونكه‌ داود دوای ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی خودا خزمه‌تی نه‌وه‌ی خۆی كرد، نووست و چووه‌ پاڵ باوكانی، بۆگه‌نیشی بینی.

37

به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ڵیستانده‌وه‌ بۆگه‌نی نه‌بینی.

38

بۆیه‌ برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆی عیساوه‌ به‌خشینی گوناه‌ به‌ ئێوه‌ ڕاگه‌یه‌نرا و

39

به‌ باوه‌ڕهێنان به‌م بێ‌تاوان ده‌كرێن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به‌ ته‌وراتی موسا لێی بێ‌تاوان بكرێن.

40

جا ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران وتوویانه‌ به‌سه‌رتان‌دا نه‌یه‌ت:

41

{ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان سه‌یر بكه‌ن،سه‌رسام بن و بمرن،چونكه‌ له‌ ڕۆژانی ئێوه‌دا كارێك ده‌كه‌م،كارێك كه‌ هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكرێت.})

42

كاتێ له‌ كه‌نیشت ده‌رده‌چوون، داوایان لێ كرا شه‌ممه‌ی داهاتووش ئه‌م قسانه‌یان بۆ بكه‌ن.

43

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، زۆر له‌ جوله‌كه‌ و خواپه‌رسته‌كان كه‌ ببوونه‌ جوله‌كه‌، به‌دوای پۆڵۆس و به‌رنابا كه‌وتن، ئه‌مانیش قسه‌یان بۆ ده‌كردن و هانیان ده‌دان له‌ نیعمه‌تی خودا بمێنن.

44

له‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو نزیكه‌ی هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌، تاكو گوێ له‌ وشه‌ی خوداوه‌ند بگرن.

45

كاتێ جوله‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان بینی، ئیره‌یی دایگرتن و به‌ربه‌ره‌كانێی قسه‌كانی پۆڵۆسیان ده‌كرد و كفریان ده‌كرد.

46

پۆڵۆس و به‌رناباش ئازایانه‌ دووان و وتیان: (ده‌بووایه‌ یه‌كه‌م جار وشه‌ی خودامان بۆ ئێوه‌ باس بكردبووایه‌. چونكه‌ ئێوه‌ ڕه‌تتان كرده‌وه‌ و بڕیارتان دا كه‌ شایانی ژیانی تاهه‌تایی نین، ئه‌وه‌تا ده‌چینه‌ لای نه‌ته‌وه‌كان!

47

چونكه‌ خوداوه‌ند ئاوای ڕاسپاردین:{من تۆم كردۆته‌ ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان،تاكو ڕزگاری به‌وپه‌ڕی زه‌وی بگه‌یه‌نیت.})

48

كاتێ نه‌ته‌وه‌كان گوێیان له‌مه‌ بوو، زۆر دڵشادبوون و شكۆیان دایه‌ وشه‌ی خوداوه‌ند، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی تاهه‌تایی ده‌ستنیشان كرابوون، باوه‌ڕیان‌هێنا.

49

وشه‌ی خوداوه‌ند له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا بڵاو بۆوه‌.

50

به‌ڵام جوله‌كه‌كان خانمه‌ ڕێزداره‌ له‌خواترسه‌كان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆش‌دا، چه‌وساندنه‌وه‌یان دژ به‌ پۆڵۆس و به‌رنابا به‌رپاكرد و له‌ سنووره‌كانی خۆیان ده‌ریان‌كردن.

51

ئه‌وانیش تۆزی پێیان دژ به‌وان ته‌كاند و بۆ شاری ئیكۆنیا هاتن.

52

قوتابییه‌كانیش پڕده‌بوون له‌ خۆشی و له‌ ڕۆحی پیرۆز.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®