Ahîda Nû
Kurdish Bible 1998
← 9

Karên Şandiyan 10

11 →
1

له‌ شاری قه‌یسه‌رییه‌ پیاوێك به‌ ناوی كۆرنیلیۆس هه‌بوو، سه‌رپه‌ل بوو له‌و لیوایه‌ی پێی ده‌ووترا ئیتالی.

2

خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خواپه‌رست و له‌خواترس بوون، زۆر چاكه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كرد و هه‌موو كاتێ نوێژی بۆ خودا ده‌كرد.

3

نزیكه‌ی كاتژمێر سێی ڕۆژ، له‌ بینینێك‌دا به‌ ڕوونی بینی فریشته‌یه‌كی خودا هاته‌ لای و پێی‌ووت: (كۆرنیلیۆس!)

4

به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری كرد و وتی: (به‌ڵێ گه‌وره‌م؟)پێی‌ووت: (نوێژه‌كانت و چاكه‌كانت وه‌ك یاده‌وه‌ری به‌رز بوونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م خودا.

5

ئێستا چه‌ند پیاوێك بۆ یافا بنێره‌، ئه‌و شیمۆنه‌ی پێی ده‌ووترێ په‌ترۆس بیهێنن.

6

له‌ ماڵی شیمۆنی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌.)

7

كاتێ فریشته‌كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵی كرد ڕۆیشت، دووان له‌ خزمه‌تكاره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خواپه‌رست بانگ‌كرد كه‌ له‌ داروده‌سته‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی بوو،

8

هه‌موو شتێكی بۆ گێڕانه‌وه‌ و ناردیانی بۆ یافا.

9

بۆ به‌یانی، كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون و له‌ شاره‌كه‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌، نزیكه‌ی كاتژمێر دوازده‌، په‌ترۆس بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ربان.

10

ئه‌وه‌بوو برسی بوو، ئاره‌زووی نانخواردنی ده‌كرد، كاتێك ئاماده‌یان ده‌كرد، له‌هۆش خۆی چوو.

11

ئاسمانی به‌ كراوه‌یی بینی، شتێك له‌ شێوه‌ی چه‌رچه‌فێكی گه‌وره‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ر چوار لاوه‌ شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی.

12

هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوارپێ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمانی تێدابوو.

13

ئینجا ده‌نگێك بانگی كرد: (په‌ترۆس هه‌سته‌، سه‌ربڕه‌ و بخۆ!)

14

په‌ترۆس وتی: (نه‌خێر خوداوه‌ند، چونكه‌ هه‌رگیز شتی گڵاو یان حه‌رامم نه‌خواردووه‌.)

15

دیسان ده‌نگه‌كه‌ی بۆ هاته‌وه‌: (ئه‌وه‌ی خودا پاكی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ.)

16

ئه‌مه‌ش سێ‌باره‌ بۆوه‌ و یه‌كسه‌ر چه‌رچه‌فه‌كه‌ بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌.

17

كه‌ په‌ترۆس سه‌رسام بوو ئاخۆ ده‌بێت ئه‌و بینینه‌ چی بێت، ئه‌وه‌بوو ئه‌و پیاوانه‌ی كۆرنیلیۆس ناردبوونی، به‌ پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌رگا وه‌ستان.

18

بانگیان كرد و پرسییان، ئاخۆ ئه‌و شیمۆنه‌ی نازناوی په‌ترۆسه‌ لێره‌ دابه‌زیوه‌.

19

له‌ كاتێك‌دا په‌ترۆس هه‌ر بیری له‌ بینینه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌، ڕۆح پێی فه‌رموو: (سێ پیاو له‌به‌رده‌رگا لێت ده‌پرسن.

20

هه‌سته‌ بڕۆ خواره‌وه‌ و بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆ، چونكه‌ من ئه‌وانم ناردووه‌.)

21

په‌ترۆسیش بۆ لای پیاوه‌كان هاته‌ خواره‌وه‌ و وتی: (ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ منم. بۆچی هاتوون؟)

22

وتیان: (كۆرنیلیۆسی سه‌رپه‌ل، پیاوێكی ڕاستودروست و له‌خواترسه‌، هه‌موو گه‌لی جوله‌كه‌ش شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن. به‌هۆی فریشته‌یه‌كی پیرۆز ڕێنمایی كرا كه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بانگت بكات و گوێ له‌ قسه‌كانت بگرێت.)

23

جا په‌ترۆس بۆ ژووره‌وه‌ بانگی كردن و میوانداری كردن.بۆ به‌یانی په‌ترۆس هه‌ڵستا و له‌گه‌ڵیان ده‌رچوو، هه‌ندێك برایانی خه‌ڵكی یافاش به‌گه‌ڵی كه‌وتن.

24

بۆ ڕۆژی دووه‌م چووه‌ قه‌یسه‌رییه‌. كۆرنیلیۆس چاوه‌ڕێی ده‌كردن، خزم و دۆستانی نزیكی خۆی كۆكردبۆوه‌.

25

كاتێ په‌ترۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، كۆرنیلیۆس پێشوازی لێ‌كرد و له‌به‌رپێی كه‌وت و كڕنۆشی برد.

26

په‌ترۆس هه‌ڵیستانده‌وه‌ و وتی: (هه‌سته‌! منیش مرۆڤم!)

27

كاتێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد چووه‌ ژووره‌وه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری بینی كۆبوونه‌ته‌وه‌،

28

پێی‌ووتن: (ده‌زانن بۆ جوله‌كه‌ ڕێ‌پێ‌نه‌دراوه‌ تێكه‌ڵاوی بێگانه‌ بێت یان بچێته‌ لای. به‌ڵام خودا پیشانی دام به‌ كه‌س نه‌ڵێم گڵاو یان پیس.

29

بۆیه‌ كه‌ بانگ‌كرام بێ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هاتم. پرسیاریش ده‌كه‌م، بۆچی منتان بانگ‌كرد؟)

30

كۆرنیلیۆس وتی: (چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر تاكو ئه‌م كاتژمێره‌ش، له‌ كاتژمێر سێ له‌ ماڵی خۆم نوێژم ده‌كرد. له‌پڕ پیاوێك به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستا،

31

وتی: "كۆرنیلیۆس نوێژه‌كانت بیستران و خێره‌كانت له‌به‌رده‌م خودا یادكرانه‌وه‌.

32

بۆیه‌ بۆ یافا به‌دوای شیمۆن‌دا بنێره‌ كه‌ نازناوی په‌ترۆسه‌. له‌ ماڵی شیمۆنی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ریا."

33

منیش یه‌كسه‌ر به‌دوام‌دا ناردی، تۆش چاكت‌كرد كه‌ هاتی. ئێستا هه‌موو له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ین، تاكو گوێ‌بگرین له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند فه‌رمانی پێ‌كردووی.)

34

په‌ترۆس ده‌می كرده‌وه‌ و وتی: (له‌ڕاستی‌دا تێگه‌یشتم خودا لایه‌نگری كه‌س ناكات،

35

به‌ڵكو له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وی له‌ دڵ‌دا بێت و كاری ڕاستودروست بكات، له‌لای په‌سه‌نده‌.

36

ده‌زانن ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی نارد، موژده‌ی ئاشتییه‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی خوداوه‌ندی هه‌مووانه‌.

37

ئه‌و شتانه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ هه‌موو یه‌هودیا ڕووی‌دا، به‌ ده‌ستپێكردن له‌ جه‌لیله‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند،

38

چۆن خودا به‌ ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیره‌یی ده‌ستنیشان كرد، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕا و چاكه‌ی ده‌كرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیبلیس ده‌ستی به‌سه‌ریان‌دا گرتبوو چاكی ده‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودا له‌گه‌ڵی بوو.

39

ئێمه‌ شایه‌تی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ ناوچه‌ی یه‌هودیا و ئۆرشه‌لیم كردی. ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی به‌ داره‌وه‌ كوشتیان،

40

به‌ڵام خودا له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵیستانده‌وه‌ و ڕێگای دا ده‌ركه‌وێت،

41

نه‌ك بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئه‌و شایه‌تانه‌ی كه‌ خودا پێشتر هه‌ڵیبژاردن - بۆ ئێمه‌ كه‌ پاش هه‌ڵستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، له‌گه‌ڵی‌دا خواردمان و خواردمانه‌وه‌.

42

ئینجا فه‌رمانی پێ‌داین جاڕبده‌ین بۆ گه‌ل و شایه‌تی بده‌ین كه‌ خودا ئه‌می به‌ دادوه‌ری زیندووان و مردووان داناوه‌.

43

هه‌موو پێغه‌مبه‌ران شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت، به‌خشینی گوناهه‌كانی به‌ ناوی ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وێت.)

44

كاتێ په‌ترۆس باسی ئه‌م شتانه‌ی ده‌كرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌ وشه‌كه‌ گرتبوو.

45

ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌ خه‌ته‌نه‌كراوان بوون سه‌ریان سوڕما، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌ترۆس بوون، چونكه‌ به‌هره‌ی ڕۆحی پیرۆز به‌سه‌ر نه‌ته‌وانیش‌دا ڕژا،

46

چونكه‌ گوێیان لێیان بوو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن و پایه‌ی خودا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.ئینجا په‌ترۆس وتی:

47

(كه‌س هه‌یه‌ ڕێگا بگرێت له‌ ئه‌مانه‌ی وه‌ك ئێمه‌ ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشرێن؟)

48

بۆیه‌ فه‌رمانی پێ‌دان به‌ ناوی عیسای مه‌سیح له‌ئاوهه‌ڵبكێشرێن. ئینجا داوایان له‌ په‌ترۆس كرد چه‌ند ڕۆژێك بمێنێته‌وه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®