Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 28

Karên Şandiyan 1

2 →
1

به‌ڕێز ساوفیلۆس، له‌ په‌ڕتووكی یه‌كه‌مم‌دا ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی عیسا ده‌ستی پێ‌كرد بیكات و فێری بكات نووسیومه‌،

2

تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی تیای‌دا به‌رزكرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ڕۆحی پیرۆز ئه‌و نێردراوانه‌ی ڕاسپارد كه‌ هه‌ڵیبژاردن.

3

دوای ئازار چێژتنی به‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ به‌ زیندوویی خۆی پیشاندان، له‌ ماوه‌ی چل ڕۆژدا بۆیان ده‌ركه‌وت و سه‌باره‌ت به‌ شانشینی خودا بۆیان دوا.

4

كاتێ پێكه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ڕایسپاردن: (ئۆرشه‌لیم به‌جێ مه‌هێڵن، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كه‌ی باوك بكه‌ن كه‌ له‌ منه‌وه‌ بیستتان.

5

چونكه‌ یه‌حیا خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا، به‌ڵام ئێوه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌ ڕۆحی پیرۆز باپتیز ده‌كرێن.)

6

ئه‌وانه‌ی پێكه‌وه‌ كۆببوونه‌وه‌ لێیان پرسی: (ئه‌ی خوداوه‌ند، له‌م كاته‌دا پاشایه‌تی بۆ ئیسرائیل ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟)

7

وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (بۆتان نییه‌ ئه‌و كات و سه‌رده‌مانه‌ بزانن كه‌ باوك به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی دایناون.

8

به‌ڵام كاتێ ڕۆحی پیرۆزتان دێته‌ سه‌ر هێز وه‌رده‌گرن، بۆ من ده‌بنه‌ شایه‌ت، له‌ ئۆرشه‌لیم و هه‌موو یه‌هودیا و سامیره‌، تاكو ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی.)

9

ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ئه‌وانیش ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌رزكرایه‌وه‌، هه‌ورێك له‌به‌رچاویان شاردییه‌وه‌.

10

كاتێ ئه‌و ده‌ڕۆیی، ئه‌وان سه‌رنجیان له‌ ئاسمان‌دا بوو، ئه‌وه‌بوو دوو پیاو به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌لایانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون.

11

پێیان وتن: (جه‌لیلییه‌كان، بۆچی ڕاوه‌ستاون سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م عیسایه‌، كه‌ له‌نێوانتان‌دا بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌، چۆن بینیتان ده‌چووه‌ ئاسمان، ئاواش دێته‌وه‌.)

12

ئینجا له‌و كێوه‌ی پێی ده‌ووترا زه‌یتوون گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم كه‌ به‌قه‌د ڕۆیشتنێكی شه‌ممه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم نزیك بوو .

13

كاتێ چوونه‌ ژووره‌وه‌، چوونه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ تیای‌دا ده‌مانه‌وه‌، په‌ترۆس و یۆحه‌نا و یاقوب، ئه‌ندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، به‌رتۆلماوس و مه‌تا و یاقوبی كوڕی حه‌لفا، شیمۆنی دڵگه‌رمو یه‌هوزای برای یاقوب.

14

هه‌موو به‌ یه‌ك دڵ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر نوێژكردن، له‌گه‌ڵ ژنه‌كان و مریه‌می دایكی عیسا و برایانی.

15

ڕۆژێكیان په‌ترۆس له‌نێوان نزیكه‌ی سه‌د و بیست برا دابوو، هه‌ڵستا و وتی:

16

(برایان، ده‌بووایه‌ نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی، پێشتر له‌مه‌ڕ یه‌هوزا ڕۆحی پیرۆز به‌ زمانی داود فه‌رموویه‌تی، كه‌ بووه‌ ڕێبه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی عیسایان گرت.

17

له‌ ئێمه‌ ده‌ژمێردرا و له‌م خزمه‌ته‌دا به‌شی هه‌بوو.)

18

به‌ پاداشتی ناپاكی كێڵگه‌یه‌كی ده‌ست‌كه‌وت، به‌ڵام به‌ده‌م‌دا كه‌وت و له‌ناوه‌ڕاسته‌وه‌ شه‌قبوو، هه‌موو هه‌ناوی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

19

هه‌موو دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم به‌مه‌یان زانی، بۆیه‌ له‌ زمانی خۆیان ئه‌و كێڵگه‌یان ناونا، حه‌قل ده‌مخ، واتا: كێڵگه‌ی خوێن.

20

په‌ترۆس درێژه‌ی پێ‌دا: (چونكه‌ له‌ سیپاره‌ی زه‌بووردا نووسراوه‌:{با ماڵه‌كه‌ی چۆڵ بێتكه‌س نه‌بێت تیای‌دا نیشته‌جێ بێت.}هه‌روه‌ها:{با یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ربگرێت.}

21

كه‌واته‌ پێویسته‌ ئه‌و پیاوانه‌ی یاوه‌رمان بوون، به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی عیسای خوداوه‌ند هاته‌ ناومان و ده‌رچوو،

22

له‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی یه‌حیاوه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی لێمان به‌رزكرایه‌وه‌، یه‌كێك له‌وان له‌گه‌ڵمان ببێته‌ شایه‌تی هه‌ڵستانه‌وه‌كه‌ی.)

23

جا دووانیان هێنایه‌ پێشه‌وه‌: یوسف كه‌ به‌ بارساباس ناوده‌برا و نازناوی یستۆس بوو، له‌گه‌ڵ مه‌تیاس.

24

نوێژیان كرد: (ئه‌ی خوداوه‌ند، تۆ به‌ دڵی هه‌مووان ده‌زانیت، بۆمان ده‌ربخه‌ له‌م دووانه‌ كامه‌یانت هه‌ڵبژاردووه‌،

25

تاكو شوێنی ئه‌و خزمه‌ت و نێردراویه‌تییه‌ بگرێته‌وه‌، كه‌ یه‌هوزا لێی لادا، تاكو بچێته‌ شوێنی خۆی.)

26

ئینجا تیروپشكیان بۆ كردن و تیروپشكه‌كه‌ مه‌تیاسی گرته‌وه‌، له‌گه‌ڵ یازده‌ نێردراوه‌كه‌ ژمێردرا.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®