Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 6

Yûhenna 7

8 →
1

دوای ئه‌مانه‌ عیسا به‌ جه‌لیل‌دا ده‌گه‌ڕا و نه‌یده‌ویست له‌ یه‌هودیا بگه‌ڕێ، چونكه‌ جوله‌كه‌ی ئه‌وێ هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن.

2

جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌ی جوله‌كه‌ش نزیك بوو،

3

براكانی پێیان وت: (ئێره‌ به‌جێ‌بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌هودیا، تاكو قوتابییه‌كانی خۆشت كاره‌كانت ببینن كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت.

4

چونكه‌ كه‌س به‌ نهێنی شتێك ناكات ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئاشكرا بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌یت، خۆت پیشانی جیهان بده‌.)

5

چونكه‌ براكانیشی باوه‌ڕیان پێی نه‌ده‌كرد.

6

عیساش پێی فه‌رموون: (جارێ كاتم نه‌هاتووه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م كاتی ئێوه‌ گونجاوه‌.

7

جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێته‌وه‌، به‌ڵام ڕقی له‌ من ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ده‌م كه‌ كرده‌وه‌ی خراپه‌.

8

ئێوه‌ بڕۆنه‌ جه‌ژنه‌كه‌، من نایه‌مه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌. چونكه‌ هێشتا كاتم ته‌واو نه‌بووه‌.)

9

ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌ جه‌لیل مایه‌وه‌.

10

به‌ڵام كه‌ براكانی بۆ جه‌ژنه‌كه‌ چوون، ئه‌ویش ڕۆیشت، به‌ڵام به‌ ئاشكرا نا، به‌ڵكو وه‌ك به‌ نهێنی.

11

جوله‌كه‌ له‌ جه‌ژنه‌كه‌دا به‌ دوای‌دا ده‌گه‌ڕان و ده‌یان‌ووت: (ئه‌و له‌كوێیه‌؟)

12

له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا چرپه‌چرپێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، هه‌ندێكیان ده‌یان‌ووت: (چاكه‌.)خه‌ڵكی دیكه‌ش ده‌یان‌ووت: (نه‌خێر، به‌ڵكو خه‌ڵك گومڕا ده‌كات.)

13

به‌ڵام كه‌س له‌ ترسی جوله‌كه‌كان به‌ ئاشكرا باسی نه‌ده‌كرد.

14

كاتێ نیوه‌ی جه‌ژن بوو، عیسا چووه‌ په‌رستگا و خه‌ڵكی فێرده‌كرد.

15

جوله‌كه‌كان سه‌رسام بوون و پرسییان: (ئه‌مه‌ كه‌ فێرنه‌كراوه‌ چۆن ئه‌م هه‌موو زانیارییه‌ی هه‌یه‌؟)

16

بۆیه‌ عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (فێركردنم هی خۆم نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی.

17

ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ خواستی ئه‌و بكات، له‌ فێركردن ده‌زانێت ئاخۆ هی خودایه‌ یان له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم.

18

ئه‌وه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ بدوێت، داوای شكۆی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای شكۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناردوویه‌تی، ئه‌مه‌ ڕاستگۆیه‌ و فڕوفێڵی تێدا نییه‌.

19

ئایا موسا ته‌وراتی نه‌داونه‌تێ؟ به‌ڵام كه‌س له‌ ئێوه‌ به‌ ته‌ورات ناكات. بۆچی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن؟)

20

خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (رۆحی پیست هه‌یه‌! كێ هه‌وڵی كوشتنت ده‌دات؟)

21

عیسا پێی فه‌رموون: (كارێكم كرد و هه‌موو سه‌رسام بوون.

22

بۆیه‌ موسا خه‌ته‌نه‌كردنی دایه‌ ئێوه‌ - ئه‌مه‌ له‌ موساوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌ باوكانه‌وه‌ بوو - له‌ شه‌ممه‌ش مرۆڤ خه‌ته‌نه‌ ده‌كه‌ن.

23

ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ شه‌ممه‌ خه‌ته‌نه‌ بكرێت تاكو ته‌وراتی موسا نه‌شكێت، باشه‌ له‌ من تووڕه‌ ده‌بن كه‌ له‌ شه‌ممه‌ سه‌راپای مرۆڤێكم چاككرده‌وه‌؟

24

به‌ ڕواڵه‌ت حوكم مه‌ده‌ن، به‌ڵكو حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بده‌ن.)

25

بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بیكوژن؟

26

ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا قسه‌ده‌كات و هیچی پێ ناڵێن. ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكه‌كان زانیوویانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحه‌كه‌یه‌؟

27

به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ خه‌ڵكی كوێیه‌. كاتێ مه‌سیحیش دێت كه‌س نازانێت خه‌ڵكی كوێیه‌.)

28

عیساش له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێرده‌كرد، هاواری كرد: (ده‌مناسن و ده‌زانن خه‌ڵكی كوێم. له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕاسته‌، ئه‌وه‌ی نایناسن.

29

من ده‌یناسم چونكه‌ له‌وم و ئه‌ویش ناردوومی.)

30

بۆیه‌ هه‌وڵیان ده‌دا بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستی بۆ درێژ نه‌كرد، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو.

31

زۆر له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ش باوه‌ڕیان پێی هێنا و وتیان: (ئایا كاتێ مه‌سیح دێت، نیشانه‌ی زیاتر ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌مه‌ كردوویه‌تی؟)

32

فه‌ریسییه‌كان گوێیان لێ‌بوو كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چرپه‌چرپی ئه‌مانه‌یانه‌، جا كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان خزمه‌تكاریان نارد تاكو بیگرن.

33

عیسا فه‌رمووی: (ماوه‌یه‌كی كه‌مم له‌گه‌ڵتان‌ ماوه، ئینجا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی.

34

داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌، ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌.)

35

ئیتر جوله‌كه‌ له‌نێو خۆیان‌دا وتیان: (ئه‌مه‌ به‌ نیازه‌ بۆ كوێ بڕوات كه‌ نایدۆزینه‌وه‌؟ ئایا بۆ په‌راگه‌نده‌كانی نێو یۆنانییه‌كان ده‌ڕوات، تاكو یۆنانییه‌كان فێر بكات؟!

36

ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌ ده‌یكات: "داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌" و "ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌"؟)

37

له‌دوایین ڕۆژی گه‌وره‌ی جه‌ژن، عیسا ڕاوه‌ستا و هاواری كرد: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك تینووی بوو با بێته‌ لام و بخواته‌وه‌.

38

ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، وه‌ك نووسراوه‌كه‌ فه‌رموویه‌تی، له‌ ناخییه‌وه‌ ڕووباره‌كانی ئاوی زیندوو ده‌ڕوات.)

39

لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌ ڕۆحی پیرۆز بوو، كه‌ خه‌ریكه‌ باوه‌ڕداران به‌و وه‌ری ده‌گرن، به‌ڵام هێشتا ڕۆحه‌كه‌ نه‌درابوو، چونكه‌ عیسا شكۆدار نه‌ببوو.

40

هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌ گوێیان له‌م قسانه‌ بوو، وتیان: (ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌.)

41

هه‌ندێكی دیكه‌، وتیان: (ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌كه‌یه‌.) به‌ڵام هه‌ندێك وتیان: (باشه‌ مه‌سیح له‌ جه‌لیله‌وه‌ دێت؟

42

ئایا نووسراوه‌كه‌ نافه‌رمووێت، مه‌سیح له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی داود و له‌ بێت‌له‌حمه‌وه‌ دێت، گونده‌كه‌ی داودی لێ‌بوو؟)

43

بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌و دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ نێوان خه‌ڵكه‌كه‌.

44

هه‌ندێك له‌وان ویستیان بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد.

45

ئه‌وسا خزمه‌تكاره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ لای كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان، ئه‌وانیش پێیان وتن: (بۆچی نه‌تانهێنا؟)

46

خزمه‌تكاره‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (هه‌رگیز كه‌س وه‌ك ئه‌مه‌ قسه‌ی نه‌كردووه‌!)

47

فه‌ریسییه‌كان وتیان: (ئایا ئێوه‌ش گومڕا بوون؟

48

باشه‌ كه‌س له‌ سه‌رۆكه‌كان یان فه‌ریسییه‌كان باوه‌ڕی پێ هێناوه‌؟

49

بێجگه‌ له‌م خه‌ڵكه‌ نه‌فره‌ت لێ‌كراوه‌ كه‌ له‌ ته‌ورات نازانێت.)

50

نیقۆدیمۆس كه‌ پێشتر هاتبووه‌ لای عیسا و یه‌كێك بوو له‌وان، پێی‌ووتن:

51

(ئایا ته‌وراتمان یه‌كێك حوكم ده‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م جار گوێی لێ نه‌گیردرێ و بزانرێت چی كردووه‌؟)

52

وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (تۆش جه‌لیلیت؟ بگه‌ڕێ و ببینه‌، له‌ جه‌لیل‌دا پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵناكه‌وێت.)[

53

ئیتر هه‌ریه‌كه‌ چۆوه‌ ماڵی خۆی.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®