Bible Selection
Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998

Yûhenna 6

1

دوای ئه‌مه‌ عیسا چووه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریای جه‌لیل، كه‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه‌،

2

حه‌شاماتێك دوای كه‌وتبوون، چونكه‌ ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ نه‌خۆشه‌كان‌دا ده‌یكرد.

3

ئینجا عیسا چووه‌ سه‌ر شاخ و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت.

4

جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوله‌كه‌ش نزیك بوو.

5

عیساش چاوی هه‌ڵبڕی و حه‌شاماته‌كه‌ی بینی ده‌هاتنه‌ لای، به‌ فیلیپۆسی فه‌رموو: (له‌كوێ نان بكڕین و ئه‌مانه‌ نان بده‌ین؟)

6

ئه‌مه‌ی ده‌ووت تاكو بیخاته‌ ئه‌زموونه‌وه‌، چونكه‌ خۆی زانی به‌ نیازه‌ چی ده‌كات.

7

فیلیپۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت.)

8

یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمۆن په‌ترۆس بوو پێی‌ووت:

9

(كوڕێك لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟)

10

عیسا فه‌رمووی: (خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن.) ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێ‌بوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن.

11

عیساش نانه‌كانی وه‌رگرت و سوپاسی خودای كرد، به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شی كرد، بۆ ماسیش ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان.

12

كاتێ تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ئه‌و په‌لكه‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات.)

13

ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و په‌لكه‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابۆوه‌.

14

بۆیه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان عیسا چ نیشانه‌یه‌كی كرد، وتیان: (به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌ كه‌ بۆ جیهان دێت.)

15

عیسا زانی ئه‌وان به‌ نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه‌ پاشا، دیسان به‌ ته‌نیا چووه‌ سه‌ر شاخ.

16

كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاچه‌كه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌،

17

سواری به‌له‌مێك بوون و به‌ ده‌ریاچه‌دا بۆ كه‌فه‌رناحوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریك داهات و عیسا هه‌ر نه‌گه‌یشته‌ لایان.

18

ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و ده‌ریاچه‌ هه‌ڵچوو.

19

كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، عیسایان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ده‌ڕوات و له‌ به‌له‌مه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان.

20

به‌ڵام پێی فه‌رموون: (منم، مه‌ترسن!)

21

كه‌ ڕازی بوون سواری به‌له‌مه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون.

22

بۆ به‌یانی، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌ به‌له‌مێك زیاتر له‌وێ نه‌بوو، عیساش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری به‌له‌م نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێ‌كه‌وتن.

23

به‌له‌می دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیك ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ خوداوه‌ند سوپاسی خودای كرد.

24

كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان نه‌ عیسا له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری به‌له‌مه‌كان بوون و چوونه‌ كه‌فه‌رناحوم، له‌ عیسا ده‌گه‌ڕان.

25

كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان وت: (ڕابی، كه‌ی گه‌یشتییه‌ ئێره‌؟)

26

عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ داوام ده‌كه‌ن نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیشانه‌تان بینی، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون.

27

بۆ خۆراكێك ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێك كه‌ بۆ ژیانی تاهه‌تایی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوك مۆری لێداوه‌.)

28

بۆیه‌ پێیان وت: (چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟)

29

عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (كاری خودا ئه‌مه‌یه‌: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی.)

30

ئه‌وانیش پێیان وت: (چ نیشانه‌یه‌ك ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بكه‌ین؟ چی ده‌كه‌یت؟

31

باوباپیرانمان له‌ چۆڵه‌وانی مه‌نیان خوارد، وه‌ك نووسراوه‌: {له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ تاكو بیخۆن}.)

32

عیساش پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: موسا نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاستیتان ده‌داتێ.

33

چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان.)

34

بۆیه‌ پێیان وت: (گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ.)

35

عیساش پێی فه‌رموون: (منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت.

36

به‌ڵام پێم وتن، منتان بینیوه‌ و باوه‌ڕیش ناهێنن.

37

هه‌ر كه‌سێك باوكم ده‌یداته‌ من دێته‌ لام، ئه‌وه‌ش بێته‌ لام، هه‌رگیز ده‌ری ناكه‌م.

38

چونكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، نه‌ك تاكو به‌ خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی.

39

ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی، هه‌ر كه‌سێكی پێ‌داوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.

40

چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێك كوڕه‌كه‌ ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی ده‌‌بێت، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.)

41

جوله‌كه‌ش بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه‌ فه‌رمووی: (منم ئه‌و نانه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌.)

42

وتیان: (ئه‌مه‌ عیسای كوڕی یوسف نییه‌، كه‌ دایك و باوكی ده‌ناسین؟ ئێستا چۆن ده‌ڵێت "له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم"؟)

43

عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: (له‌ ناوه‌خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن.

44

كه‌س ناتوانێت بێته‌ لام ئه‌گه‌ر باوك ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.

45

له‌ سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌ران‌دا نووسراوه‌: {هه‌موو له‌ خوداوه‌ فێر ده‌بن}. جا ئه‌وه‌ی له‌ باوكه‌وه‌ بیستبێتی و فێربووبێت دێته‌ لام.

46

كه‌س باوكه‌كه‌ی نه‌بینیوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ باوكه‌كه‌ی بینیوه‌.

47

ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بهێنێت ژیانی تاهه‌تایی هه‌یه‌.

48

منم نانی ژیان.

49

باوباپیرانتان له‌ چۆڵه‌وانی‌دا مه‌نیان خوارد و مردن.

50

ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت.

51

منم ئه‌و نانه‌ زیندووه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌م نانه‌ بخوات بۆ تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه‌.)

52

جوله‌كه‌ له‌ناو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟)

53

بۆیه‌ عیسا پێی فه‌رموون: (ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی كوڕی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه‌، ژیان له‌ ناختان‌دا نابێت.

54

ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ ژیانی تاهه‌تایی هه‌یه‌، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌.

55

چونكه‌ جه‌سته‌م خۆراكی ڕاسته‌قینه‌یه و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌.

56

ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ له‌ من‌دا ده‌چه‌سپێت و منیش له‌ ئه‌ودا.

57

وه‌ك باوكی زیندوو ناردوومی، منیش به‌و باوكه‌ زیندووم، ئاواش ئه‌وه‌ی من بخوات به‌هۆی من ده‌ژیێت.

58

ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی باوباپیران خواردیان و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت.)

59

ئه‌مانه‌ی له‌ كه‌نیشتێك‌دا فه‌رموو، له‌ كه‌فه‌رناحوم خه‌ڵكی فێر ده‌كرد.

60

بۆیه‌ زۆر له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ گوێیان لێ‌بوو، وتیان: (ئه‌م قسه‌یه‌ گرانه‌! كێ ده‌توانێت وه‌ری بگرێت؟)

61

عیسا له‌ دڵی خۆی‌دا زانی قوتابییه‌كانی به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ بۆڵه‌بۆڵ ده‌كه‌ن، پێی فه‌رموون: (ئه‌مه‌ ساتمه‌تان پێ ده‌كات؟

62

ئه‌ی ئه‌گه‌ر ببینن كوڕی مرۆڤ به‌رزبێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌م جار لێی‌بوو؟!

63

ڕۆحی پیرۆز ژیان ده‌دات، به‌ڵام جه‌سته‌ به‌ كه‌ڵك نایه‌ت. ئه‌و قسانه‌ی پێم وتن ڕۆح و ژیانن.

64

به‌ڵام هه‌ندێكتان‌ باوه‌ڕ ناكه‌ن.) چونكه‌ عیسا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ناسی كه‌ باوه‌ڕ ناهێنن، هه‌روه‌ها كێیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دات.

65

ئینجا فه‌رمووی: (له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێم وتن، كه‌س ناتوانێ بێته‌ لام، ئه‌گه‌ر له‌ باوكه‌كه‌وه‌ پێی نه‌درابێت.)

66

له‌و كاته‌وه‌ زۆر له‌ قوتابییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ و ئیتر له‌گه‌ڵی نه‌ده‌گه‌ڕان.

67

بۆیه‌ عیسا به‌ دوازده‌كه‌ی فه‌رموو: (ئه‌ی ئێوه‌ ناتانه‌وێ بڕۆن؟)

68

شیمۆن په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، بچینه‌ لای كێ؟ وشه‌كانی ژیانی تاهه‌تایی له‌لای تۆیه‌.

69

ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا و زانیمان كه‌ تۆ پیرۆزه‌كه‌ی خودایت.)

70

عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئایا من ئێوه‌ی دوازده‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه‌؟ به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ئیبلیسه‌!)

71

ئه‌و باسی یه‌هوزای شیمۆنی ئه‌سخه‌ریوتی ده‌كرد، چونكه‌ به‌ته‌مابوو به‌ گرتنی بدات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®