Bible Selection
Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998

Marqos 7

1

فه‌ریسی و هه‌ندێك مالم كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتبوون له‌لای عیسا كۆبوونه‌وه‌.

2

بینییان هه‌ندێك له‌ قوتابییه‌كانی به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن، واتا بێ ده‌ست شوشتن.

3

چونكه‌ فه‌ریسی و هه‌موو جوله‌كه‌ نان ناخۆن ئه‌گه‌ر به‌ باشی ده‌ستیان نه‌شۆن، په‌یوه‌ست بوون به‌ نه‌ریتی پیران.

4

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕ بهاتبوونایه‌وه‌ نانیان نه‌ده‌خوارد تاكو خۆیان نه‌شۆردبووایه‌، زۆر شتی دیكه‌ش هه‌یه‌ وه‌ریانگرتبوو تاكو ده‌ستی پێوه‌ بگرن، شوشتنی كاسه‌ و چاپه‌ست و دۆلكه‌ی مس و قه‌ریۆڵه‌.

5

فه‌ریسی و مالمه‌كانیش لێیان پرسی: (بۆچی قوتابییه‌كانت له‌سه‌ر نه‌ریتی پیران ناڕۆن و به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن؟)

6

ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (دووڕووه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئیشایا پێشبینی باشی كردووه‌، وه‌ك نووسراوه‌:{ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم ده‌گرێت،به‌ڵام دڵی لێم دووره‌.

7

به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن،فێركردنێك فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌.}

8

ئێوه‌ ڕاسپارده‌ی خوداتان پشتگوێ خستووه‌ و ده‌ستتان به‌ نه‌ریتی مرۆڤه‌وه‌ گرتووه‌.)

9

دیسان پێی فه‌رموون: (باش ڕاسپارده‌ی خودا ڕه‌ت‌ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ نه‌ریتی خۆتان بكه‌ن.

10

چونكه‌ موسا وتوویه‌تی: {ڕێزی دایك و باوكت بگره‌}، {ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ دایك یان باوكی بڵێ، ده‌بێ بكوژرێت.}

11

به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: "ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ دایك یان باوكی بڵێت: ئه‌وه‌ی له‌ منه‌وه‌ سوودت لێی وه‌رده‌گرت، ده‌یكه‌مه‌ قوربانی،" - به‌ واتای دیاری بۆ خودا -

12

ئیتر نایه‌ڵن شتێكی بۆ دایك یان باوكی بكات.

13

به‌و نه‌ریته‌تان كه‌ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن. زۆر شتی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن.)

14

دیسان خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (هه‌موو گوێم لێ بگرن و تێ‌بگه‌ن.

15

شت نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی و گڵاوی بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات.

16

[ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با گوێ‌بگرێت.]

17

كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت و هاته‌ ماڵێك، قوتابییه‌كانی بۆ نموونه‌كه‌ پرسیاریان لێ‌كرد.

18

پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ش ئاوا تێ‌نه‌گه‌یشتوون؟ ئایا تێ‌ناگه‌ن كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ ناویه‌وه‌ ناتوانێت گڵاوی بكات؟

19

چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو سكی، ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ ئاوده‌ست.) هه‌موو خۆراكێك پاكه‌.

20

ئینجا فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات.

21

چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، له‌ دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ ده‌رده‌چێت: به‌دڕه‌وشتی، دزی، كوشتن،

22

داوێنپیسی، چڵێسی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڕه‌ڵایی، چاوپیسی، كفر، لووتبه‌رزی، گێلی.

23

هه‌موو ئه‌م خراپانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌رده‌چن و مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن.)

24

عیسا به‌ڕێ‌كه‌وت و ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت، چووه‌ هه‌رێمی سور. چووه‌ ماڵێك و نه‌یویست كه‌س بزانێت، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یتوانی خۆی بشارێته‌وه‌.

25

چونكه‌ ژنێك كچه‌كه‌ی ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، یه‌كسه‌ر هه‌واڵی ئه‌وی بیست و هات له‌به‌رپێی كه‌وت.

26

ژنه‌كه‌ش یۆنانی بوو، له‌ ڕه‌گه‌زی فینیكیای سوریا بوو، داوای لێ‌كرد ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ی ده‌ربكات.

27

ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (جارێ با منداڵان تێر بن، چونكه‌ ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ.)

28

به‌ڵام وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م! سه‌گیش له‌ ژێر خوان‌دا له‌ په‌لكه‌نانی به‌ر منداڵان ده‌خوات.)

29

پێی فه‌رموو: (له‌به‌ر ئه‌م قسه‌یه‌، بڕۆ، ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ت ده‌رچوو.)

30

گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، بینی منداڵه‌كه‌ له‌سه‌ر جێگاكه‌ی پاڵكه‌وتووه‌ و ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ده‌رچوو بوو.

31

ئینجا عیسا له‌ هه‌رێمی سور ده‌رچوو و به‌ سه‌یدا دا به‌ره‌و ده‌ریای جه‌لیل هات، به‌ هه‌رێمی ده‌ شاره‌كه‌دا.

32

كه‌ڕێكی لاڵوپته‌یان بۆ هێنا، لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێت.

33

عیسا بردییه‌ لایه‌كه‌وه‌، دوور له‌ خه‌ڵكه‌كه‌، په‌نجه‌كانی خسته‌ ناو گوێی كابراوه‌ و تفی كرد و ده‌ستی له‌ زمانی دا.

34

چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و پێی فه‌رموو: (ئێففه‌سا!) واتا بكرێوه‌.

35

یه‌كسه‌ر گوێیه‌كانی كرانه‌وه‌ و گرێی زمانی شل‌بۆوه‌ و به‌ ڕه‌وانی قسه‌ی كرد.

36

ئینجا ڕایسپاردن به‌ كه‌س نه‌ڵێن، به‌ڵام چه‌ند ڕایده‌سپارد ئه‌وان زیاتر بڵاویان ده‌كرده‌وه‌.

37

زۆر سه‌رسام بوون و ده‌یان‌ووت: (هه‌موو شتێكی به‌ باشی كردووه‌! وا ده‌كات كه‌ڕ ببیستێت و لاڵ قسه‌ بكات.)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®