Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 1

Marqos 2

3 →
1

پاش چه‌ند ڕۆژێك عیسا هاته‌وه‌ ناو كه‌فه‌رناحوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌.

2

خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به‌ وشه‌كه‌ بۆیان ده‌دووا.

3

ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو.

4

به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بیبه‌نه‌ لای عیسا. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه‌ ئه‌وی لێ‌بوو، كونێكیان كرده‌وه‌ و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو.

5

كاتێ عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (كوڕم، گوناهه‌كانت به‌خشران.)

6

هه‌ندێك مالمیش له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیان‌دا بیریان ده‌كرده‌وه‌:

7

(بۆچی ئه‌مه‌ ئاوا ده‌دوێت؟ كفر ده‌كات! بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟)

8

یه‌كسه‌ر عیسا به‌ ڕۆحی خۆی زانی له‌ دڵی خۆیان‌دا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: (بۆچی له‌ دڵتان‌دا بیر له‌م شتانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟

9

كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: "گوناهه‌كانت به‌خشران،" یان بڵێی: "هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ"؟

10

به‌ڵام تاكو بزانن، كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌،...) به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو:

11

(پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌.)

12

ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ڵستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو سه‌رسام بوون و ستایشی خودایان كرد، وتیان: (هه‌رگیز شتی وامان نه‌بینیوه‌!)

13

دووباره‌ عیسا ده‌رچووه‌ سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاچه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ویش فێری ده‌كردن.

14

كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، لێڤی كوڕی حه‌لفی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: (دوام كه‌وه‌.) ئه‌ویش هه‌ڵستا و دوای كه‌وت.

15

كاتێ له‌ ماڵی ئه‌و دانیشتبوو زۆر له‌ باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ عیسا و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه‌ زۆر بوون و دوای كه‌وتبوون.

16

كاتێ مالمه‌ فه‌ریسییه‌كان بینییان وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: (بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟)

17

كه‌ عیسا گوێی لێ‌بوو، پێی فه‌رموون: (له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم ڕاستودروستان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران.)

18

قوتابییه‌كانی یه‌حیا و فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، هاتنه‌ لای عیسا و پێیان وت: (بۆچی قوتابییه‌كانی یه‌حیا و قوتابی فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟)

19

عیساش پێی فه‌رموون: (ئایا شاییگێڕان ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیان‌دایه‌؟ تاكو زاوا له‌گه‌ڵیان بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن.

20

به‌ڵام ڕۆژانێك دێت كه‌ زاوایان لێ ده‌بردرێت، ئه‌وسا له‌و ڕۆژه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن.

21

كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی له‌ئاونه‌دراو پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت.

22

كه‌سیش شه‌رابی نوێ ناكاته‌ ناو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ك شه‌رابه‌كه‌ مه‌شه‌كه‌كه‌ بدڕێنێت، شه‌رابه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵك ده‌بێت. به‌ڵكو شه‌رابی نوێ ده‌كرێته‌ ناو مه‌شكه‌ی نوێوه‌.)

23

له‌ شه‌ممه‌دا عیسا به‌ناو ده‌غڵان‌دا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌ستیان‌كرد به‌ گوڵه‌گه‌نم لێ‌كردنه‌وه‌.

24

فه‌ریسییه‌كان پێیان وت: (بڕوانه‌، بۆچی شتێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌؟)

25

ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داود چی كرد كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون كه‌وتنه‌ پێویستی و برسییان بوو؟

26

كه‌ ئه‌بیاسار سه‌رۆك كاهین بوو، چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی خوارد، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و نانه‌ی كه‌ دروست نییه‌ لێی بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت.)

27

ئینجا پێی فه‌رموون: (شه‌ممه‌ بۆ مرۆڤ به‌دیهێنراوه‌، نه‌وه‌ك مرۆڤ بۆ شه‌ممه‌.

28

كه‌واته‌ كوڕی مرۆڤ گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌.)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®