Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 16

Marqos 1

2 →
1

سه‌ره‌تای موژده‌ی عیسای مه‌سیحی كوڕی خودا.

2

وه‌ك له‌ سیپاره‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌:{ئه‌وه‌تا په‌یامبه‌ری خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم،ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات،}

3

{ده‌نگی بانگده‌رێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوار ده‌كات:"ڕێگای خوداوه‌ند ئاماده‌ بكه‌ن،ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن."}

4

یه‌حیا له‌ چۆڵه‌وانی ده‌ركه‌وت و خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا، جاڕی له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردنی ده‌دا بۆ گوناه‌ به‌خشین.

5

سه‌راپای ناوچه‌ی یه‌هودیا و هه‌موو خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم ده‌هاتنه‌ لای و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری ئوردون له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا.

6

یه‌حیا مووی وشتری له‌به‌ر ده‌كرد و پشتێنێكی پێسته‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ ده‌به‌ست، كولله‌ و هه‌نگوینی كێوی ده‌خوارد.

7

جاڕی ده‌دا، ده‌یووت: (له‌دوای من له‌ من به‌هێزتر دێت، شایانی ئه‌وه‌ نیم بچه‌مێمه‌وه‌ و ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌.

8

من له‌ئاوم هه‌ڵكێشان، به‌ڵام ئه‌و به‌ ڕۆحی پیرۆز باپتیزتان ده‌كات.)

9

له‌و ڕۆژانه‌دا عیسا له‌ ناسیره‌ی جه‌لیله‌وه‌ هات و له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ ئوردون له‌ئاوهه‌ڵكێشرا.

10

هه‌ركه‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌، بینی ئاسمان شه‌قبوو، ڕۆحی پیرۆزیش وه‌ك كۆترێك بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌نیشته‌وه‌.

11

ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: (تۆ كوڕی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ زۆر دڵشادم.)

12

یه‌كسه‌ر ڕۆحه‌كه‌ به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ده‌ریكرد.

13

چل ڕۆژ له‌ چۆڵه‌وانی‌دا بوو، له‌لایه‌ن شه‌یتان تاقی ده‌كرایه‌وه‌، له‌نێوان ئا‌ژه‌ڵانی كێوی بوو، فریشته‌ش خزمه‌تیان ده‌كرد.

14

دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا گیرا، عیسا هاته‌ جه‌لیل و جاڕی ئینجیلی خودای ده‌دا و

15

ده‌یفه‌رموو: (كاته‌كه‌ هاتۆته‌ دی و پاشایه‌تی خودا نزیك‌بۆته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن، باوه‌ڕ به‌ ئینجیل بهێنن.)

16

كاتێ عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل ده‌ڕۆیشت، شیمۆن و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاكه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون.

17

عیسا پێی فه‌رموون: (وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچی مرۆڤ.)

18

یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن.

19

ئینجا هه‌ندێك ڕۆیشت، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای بینی، له‌ناو به‌له‌م‌دا تۆڕه‌كه‌ی خۆیان چاك‌ده‌كرده‌وه‌.

20

یه‌كسه‌ر بانگی كردن، ئه‌وانیش زه‌بدی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌ به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن.

21

ئینجا چوونه‌ كه‌فه‌رناحوم. له‌ كاتێك‌دا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستی‌كرد به‌ فێركردن.

22

له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێك فێری ده‌كردن، نه‌ك وه‌ك مالمه‌كان.

23

له‌پڕ له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان یه‌كێكی لێ‌بوو ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، هاواری كرد،

24

وتی: (عیسای ناسیره‌یی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت؟ ده‌تناسم تۆ كێیت، پیرۆزه‌كه‌ی خودایت!)

25

عیسا لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: (بێ‌ده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!)

26

ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ش خووگرتی كرد و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ڵستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

27

هه‌موو سه‌رسام بوون و كه‌وتنه‌ پرسیار له‌ یه‌كتری: (ئه‌مه‌ چییه‌؟ فێركردنێكی نوێیه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕۆحی‌پیسیش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن.)

28

یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری جه‌لیل بڵاو‌بۆوه‌.

29

ئه‌و كاته‌ی كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێ‌هێشت، له‌گه‌ڵ یاقوب و یۆحه‌نا چوونه‌ ماڵی شیمۆن و ئه‌ندراوس.

30

خه‌سووی شیمۆن له‌ناو جێگا كه‌وتبوو، تای هه‌بوو، خێرا باسی ئه‌ویان بۆ عیسا كرد.

31

ئه‌ویش هات، ده‌ستی گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌. تایه‌كه‌ به‌ری‌دا و ده‌ستی‌كرد به‌ خزمه‌تكردنیان.

32

ئێواره‌ داهات و ڕۆژ ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆش و كه‌سێكیان بۆ هێنا ڕۆحی‌پیسی تێدابێت.

33

هه‌موو شاره‌كه‌ له‌ به‌رده‌رگا كۆبوونه‌وه‌.

34

زۆر نه‌خۆشی به‌ جۆره‌ها ده‌رده‌وه‌ چاككرده‌وه‌، زۆر ڕۆحی‌پیسیشی ده‌ركرد و نه‌یهێشت ڕۆحه‌پیسه‌كان بدوێن، چونكه‌ ناسییان.

35

بۆ به‌یانی هێشتا تاریك بوو، هه‌ڵستا و چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی و له‌وێ ده‌ستی‌كرد به‌ نوێژكردن.

36

شیمۆن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون به‌ شوێنی‌دا گه‌ڕان

37

كه‌ دۆزییانه‌وه‌ پێیان وت: (هه‌موو به‌ دوات‌دا ده‌گه‌ڕێن.)

38

پێی فه‌رموون: (وه‌رن با بڕۆینه‌ دێیه‌كانی ده‌وروپشت، تاكو له‌وێش جاڕبده‌م، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ هاتووم.)

39

جا چوو تاكو له‌ هه‌موو جه‌لیل‌دا له‌ كه‌نیشته‌كانیان جاڕبدات و ڕۆحی‌پیس ده‌ربكات.

40

ئینجا پیاوێكی گول هاته‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پاكم بكه‌یته‌وه‌.)

41

عیسا دڵی پێی سووتا و ده‌ستی درێژ كرد، ده‌ستی لێ‌دا و پێی فه‌رموو: (ده‌مه‌وێت. پاك‌ببه‌وه‌!)

42

یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێ‌بۆوه‌ و پاك‌بۆوه‌.

43

عیسا به‌ توندیش ئاگاداری كرده‌وه‌ و یه‌كسه‌ر به‌ڕێی كرد،

44

پێی فه‌رموو: (ئاگاداربه‌، هیچ شتێك به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و به‌رامبه‌ر به‌ پاكبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی موسا فه‌رمانی كردووه‌ بیده‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.)

45

به‌ڵام ئه‌و ڕۆیشت، ده‌ستی‌كرد به‌ جاڕدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، ئیتر عیسا نه‌یتوانی به‌ ئاشكرا بچێته‌ شار، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان بوو و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®