Ahîda Nû
Mizgîniyê 1998
← 17

Metta 18

19 →
1

له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای عیسا و وتیان: (كێ له‌ شانشینی ئاسمان‌دا پایه‌ به‌رزتره‌؟)

2

ئه‌ویش منداڵێكی بانگ‌كرد و له‌ ناوه‌راستیان‌دا ڕایگرت،

3

فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕێن و وه‌ك منداڵتان لێ‌نه‌یه‌ت، هه‌رگیز ناچنه‌ شانشینی ئاسمان.

4

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌م منداڵه‌ خۆی نزم بكاته‌وه‌، له‌ شانشینی ئاسمان‌دا پایه‌ به‌رزتره‌.

5

ئه‌وه‌ی به‌ ناوی من پێشوازی له‌ منداڵێكی وه‌ك ئه‌مه‌ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات.

6

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، باشتره‌ بۆی به‌رداشێكی گه‌وره‌ به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و نوقومی بنی ده‌ریا بكرێت.

7

قوڕ به‌ سه‌ری جیهان له‌به‌ر كۆسپه‌كان! چونكه‌ كۆسپه‌كان هه‌ر ده‌بێ هه‌بن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كۆسپه‌كان!

8

ئه‌گه‌ر ده‌ستت یان پێت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ به‌ گۆجی یان به‌ شه‌لی بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ دوو ده‌ست یان دوو پێیه‌وه‌ بخرێیته‌ ناو ئاگری تاهه‌تایی.

9

ئه‌گه‌ر چاوت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ری بهێنه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ به‌ یه‌ك چاو بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ دوو چاوه‌وه‌ بخرێیته‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌.

10

ئاگاداربن! به‌ سووكی مه‌ڕواننه‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌، چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم فریشته‌كانیان له‌ ئاسمان‌دا به‌رده‌وام ڕووی باوكم ده‌بینن كه‌ له‌ ئاسمان دایه‌. [

11

چونكه‌ كوڕی مرۆڤ هاتووه‌ ونبووان ڕزگار بكات.]

12

ڕاتان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ونبێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ له‌ زوورگ‌دا به‌جێ ناهێڵێت تاكو بچێت به‌دوای ونبووه‌كه‌دا بگه‌ڕێت؟

13

ڕاستیتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر دۆزییه‌وه‌، له‌ نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ بزر نه‌ببوون زیاتر پێی دڵخۆش ده‌بێت!

14

به‌ هه‌مان شێوه‌ باوكتان له‌ ئاسمان نایه‌وێت یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ له‌ناوبچێت.

15

(ئه‌گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردیت، بڕۆ به‌ ته‌نها له‌نێوان خۆت و خۆی گله‌یی لێ بكه‌. ئه‌گه‌ر گوێی لێ‌گرتی، ئه‌وا براكه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنیته‌وه‌.

16

خۆ ئه‌گه‌ر گوێی نه‌گرت، یه‌ك یان دوو كه‌س له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، تاكو {هه‌موو بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ساغ بكرێته‌وه‌.}

17

ئه‌گه‌ر به‌ گوێی نه‌كردن، به‌ كڵێسا بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌ گوێی كڵێساشی نه‌كرد، ئه‌وا به‌ بت‌په‌رست و باجگری دابنێ.

18

ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن، له‌ ئاسمانیش گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌نه‌وه‌، له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت.

19

دیسان ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر دووان له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر هه‌ر شتێك ڕێك بكه‌ون، هه‌رچی داوا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكم كه‌ له‌ ئاسمانه‌، بۆیان ده‌بێت.

20

چونكه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك دوو یان سێیان به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌نێوانیان‌دا ده‌بم.)

21

ئینجا په‌ترۆس هات و پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ده‌بێ چه‌ند جار گه‌رده‌نی براكه‌م ئازاد بكه‌م كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ تاكو حه‌وت جار؟)

22

عیساش پێی فه‌رموو: (من پێت ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا كه‌ڕه‌ت حه‌وت جار!

23

بۆیه‌ پاشایه‌تی ئاسمان له‌ پاشایه‌ك ده‌چێت ویستی هه‌ژمارد له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی بكات.

24

كاتێ ده‌ستی پێ‌كرد، یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار تالنت قه‌رزار بوو.

25

كه‌ هیچی نه‌بوو بیداته‌وه‌، گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هه‌رچی هه‌یه‌تی بفرۆشرێت و قه‌رزه‌كه‌ بداته‌وه‌.

26

بۆیه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ له‌به‌رده‌می چۆكی دادا و وتی: "له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌."

27

گه‌وره‌ی ئه‌و خزمه‌تكاره‌ دڵی پێی سووتا، ئازادی كرد و له‌ قه‌رزه‌كه‌ خۆش بوو.

28

ئه‌م خزمه‌تكاره‌ ڕۆیشت، خزمه‌تكارێكی هاوكاری خۆی بینی كه‌ سه‌د دینار قه‌رزاری بوو، ملی گرت و وتی: "ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌!"

29

خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كه‌ی له‌به‌رپێی كه‌وت، لێی پاڕایه‌وه‌: "له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، ده‌تده‌مه‌وه‌."

30

به‌ڵام ڕازی نه‌بوو، چوو فڕێی‌دایه‌ زیندانه‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریه‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌.

31

كاتێ خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كانیان ڕووداوه‌كه‌یان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕووی‌دابوو بۆ گه‌وره‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌.

32

ئه‌وسا گه‌وره‌كه‌ی بانگی كرد و پێی‌ووت: "خزمه‌تكاری به‌دكار، له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌رزه‌ خۆشبووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌.

33

ئایا نه‌ده‌بوو تۆش به‌زه‌ییت به‌ خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كه‌ت‌دا بێته‌وه‌، وه‌ك به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌؟"

34

جا گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌ بوو و دایه‌ ده‌ست جه‌لاده‌كانه‌وه‌، تاكو هه‌ر شتێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌.

35

باوكی ئاسمانیشم واتان لێ‌ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌تان له‌ دڵه‌وه‌ گه‌رده‌نی خوشكی یان براكه‌ی ئازاد نه‌كات.)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®