Ahîda Nû
Kurdish Bible 1998
← 15

Metta 16

17 →
1

فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان هاتنه‌ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقی بكه‌نه‌وه‌، داوایان لێ‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كیان پیشان بدات.

2

وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (كه‌ ئێواره‌ داهات، ده‌ڵێن "ساماڵه‌، چونكه‌ ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌."

3

له‌ به‌یانیش، "ئه‌مڕۆ هه‌وره‌، ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و گرژه‌." ئێوه‌ ده‌زانن ڕووی ئاسمان بخوێننه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن نیشانه‌كانی زه‌مانه‌ لێك‌بده‌نه‌وه‌!

4

نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و داوێنپیس داوای نیشانه‌ ده‌كات، نیشانه‌ی نادرێتێ، جگه‌ له‌ نیشانه‌ی یونس.) ئینجا به‌جێی‌هێشتن و ڕۆیشت.

5

قوتابییه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ر، له‌بیریان چووبوو نان بهێنن.

6

عیسا پێی فه‌رموون: (وریابن، ئاگاداربن له‌ هه‌ویرترشی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان.)

7

له‌ناو خۆیان‌دا گفتوگۆیان كرد و وتیان: (نانمان نه‌هێناوه‌.)

8

عیسا زانی و پێی فه‌رموون: (ئه‌ی كه‌م‌باوه‌ڕینه‌، بۆچی له‌نێو خۆتان ده‌ڵێن نانمان نییه‌؟

9

ئایا هێشتا تێ‌نه‌گه‌یشتوون؟ نایه‌ته‌ بیرتان پێنج نانه‌كه‌ی پێنج هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟

10

یان حه‌وت نانه‌كه‌ی چوار هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟

11

چۆن تێ‌ناگه‌ن من باسی نانم بۆ نه‌كردن؟ له‌ هه‌ویرترشی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان ئاگاداربن!)

12

ئینجا تێگه‌یشتن كه‌ ئه‌و له‌ هه‌ویرترشی نان ئاگاداریان ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ فێركردنی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان.

13

كه‌ عیسا گه‌یشته‌ ناوچه‌ی قه‌یسه‌رییه‌ی فیلیپۆس، له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: (ئایا خه‌ڵك ده‌ڵێن كوڕی مرۆڤ كێیه‌؟)

14

وتیان: (هه‌ندێك ده‌ڵێن یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشه‌، هه‌ندێك ئه‌لیاس، هه‌ندێكیش ئیرمیا یان یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌ران.)

15

پێی فه‌رموون: (ئه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن من كێم؟)

16

شیمۆن په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ مه‌سیحیت، كوڕی خودای زیندووی.)

17

عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ تۆ، شیمۆنی كوڕی یۆنا، چونكه‌ گۆشت و خوێن ئه‌مه‌یان بۆت ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌م كه‌ له‌ ئاسمانه‌.

18

منیش پێت ده‌ڵێم، تۆ په‌ترۆسی و له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆم بنیاد ده‌نێم و ده‌روازه‌كانی جیهانی مردووانیش پێی ناوێرێت.

19

كلیله‌كانی شانشینی ئاسمانت ده‌ده‌مێ، ئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌یت، له‌ ئاسمان‌دا گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌یته‌وه‌، له‌ ئاسمان‌دا كراوه‌ ده‌بێت.)

20

ئینجا فه‌رمانی دایه‌ قوتابییه‌كان به‌ كه‌س نه‌ڵێن كه‌ ئه‌و مه‌سیحه‌.

21

له‌و كاته‌وه‌ عیسا ده‌ستی‌كرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كانی كه‌ ده‌بێت بۆ ئۆرشه‌لیم بچێت، له‌وێ به‌ ده‌ستی پیران و كاهینانی باڵا و مالمه‌كان زۆر ئازار بچێژێت و بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستێندرێته‌وه‌.

22

په‌ترۆس هێنایه‌ ئه‌م لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی: (خودا نه‌كات گه‌وره‌م! هه‌رگیز ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت!)

23

عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: (له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌.)

24

ئینجا عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت.

25

چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ده‌یدۆزێته‌وه‌.

26

چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی چی ده‌دات؟

27

چونكه‌ كوڕی مرۆڤ به‌ شكۆی باوكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وسا پاداشتی هه‌ر كه‌سێك به‌ پێی كرداری ده‌داته‌وه‌.

28

ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مردن ناچێژن تاكو كوڕی مرۆڤ نه‌بینن به‌ پاشایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌وه‌.)

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®