← 14 16 →

Metta 15

1

ئینجا فه‌ریسی و مالمه‌كان له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتنه‌ لای عیسا و وتیان:

2

(بۆچی قوتابییه‌كانت نه‌ریتی پیران ده‌شكێنن؟ پێش نانخواردن ده‌ستیان ناشۆن!)

3

ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌ی بۆچی ئێوه‌ له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان ڕاسپارده‌ی خودا ده‌شكێنن؟

4

چونكه‌ خودا فه‌رموویه‌تی: {ڕێزی دایك و باوكت بگره‌}، {ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت له‌ باوكی یان دایكی بكات، ده‌بێ بكوژرێت.}

5

به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌ی به‌ دایكی یان باوكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌،

6

ئیتر ڕێز له‌ باوكی ناگرێت." جا له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن.

7

ئه‌ی دووڕووان! سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئیشایا پێشبینی باشی كردووه‌ و ده‌ڵێت:

8

{ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌گرێت،به‌ڵام دڵی لێم دووره‌.

9

ئه‌وان به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن،فێركردنێك فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌.})

10

عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (گوێ‌بگرن و تێ‌بگه‌ن.

11

ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ناو ده‌م مرۆڤ گڵاو ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات.)

12

ئینجا قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێش و پێیان وت: (ده‌زانی كاتێ فه‌ریسییه‌كان گوێیان له‌ قسه‌كه‌ بوو بێزار بوون.)

13

وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (هه‌ر ڕووه‌كێك باوكی ئاسمانیم نه‌یچاندبێت، هه‌ڵده‌كه‌ندرێت.

14

وازیان لێ بهێنن، ئه‌وانه‌ كوێرن ڕابه‌رایه‌تی كوێره‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر كوێر ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌.)

15

په‌ترۆس پێی‌ووت: (ئه‌م نموونه‌یه‌مان بۆ ڕوون بكه‌وه‌.)

16

عیسا فه‌رمووی: (ئێوه‌ش هێشتا تێ‌ناگه‌ن؟

17

نازانن هه‌رچی ده‌چێته‌ ناو ده‌م ده‌ڕواته‌ ناو سك، دوایی فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌؟

18

به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات.

19

چونكه‌ بیری خراپ له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، كوشتن، داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، دزی، شایه‌تی درۆ، كفركردن.

20

ئه‌مانه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن. به‌ڵام خواردن به‌بێ ده‌ست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناكات.)

21

عیسا له‌وێ ڕۆیشت و چووه‌ ناوچه‌كانی سور و سه‌یدا.

22

ژنێكی كه‌نعانی خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری ئه‌وێ، ده‌رچوو و هاواری كرد: (گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌! كچه‌كه‌م به‌ خراپی ڕۆحی‌پیسی تێدایه‌.)

23

به‌ڵام عیسا به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. قوتابییه‌كانی هاتنه‌ پێشی و تكایان لێی كرد: (به‌ڕێی بكه‌، وا به‌دوامانه‌وه‌ هاوار ده‌كات.)

24

وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من ته‌نها بۆ مه‌ڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.)

25

به‌ڵام ژنه‌كه‌ هات، كڕنۆشی بۆ برد و وتی: (گه‌وره‌م یارمه‌تیم بده‌!)

26

وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ.)

27

ژنه‌كه‌ وتی: (ڕاسته‌ گه‌وره‌م، به‌ڵام سه‌گیش ئه‌و په‌لكه‌نانه‌ ده‌خوات كه‌ له‌ خوانی گه‌وره‌كانی ده‌كه‌وێت.)

28

ئینجا عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خانم، باوه‌ڕی تۆ به‌هێزه‌! ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌یت با بۆت ببێت.) له‌و كاته‌وه‌ كچه‌كه‌ش چاكبۆوه‌.

29

ئینجا عیسا له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ لای ده‌ریای جه‌لیل، چووه‌ سه‌ر شاخێك و له‌وێ دانیشت.

30

ئه‌وه‌بوو حه‌شاماتێك هاتنه‌ لای، شه‌ل و كوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ‌بوو، له‌به‌رپێی دایاننان، ئه‌ویش چاكی‌كردنه‌وه‌.

31

ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون كه‌ بینییان لاڵ قسه‌ده‌كات و گۆج چاك‌ده‌بێته‌وه‌ و شه‌ل ده‌ڕوات و كوێر ده‌بینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان كرد.

32

ئینجا عیسا قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و فه‌رمووی: (دڵم به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌سووتێت، ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵم‌دان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ناشمه‌وێت به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌ ڕێگا بڕ نه‌كه‌ن.)

33

قوتابییه‌كانی پێیان وت: (له‌م چۆڵه‌وانییه‌ ئه‌و نانه‌ زۆره‌مان له‌كوێ بوو بۆ ناندانی ئه‌م حه‌شاماته‌؟)

34

عیساش پێی فه‌رموون: (چه‌ند نانتان پێیه‌؟)

35

ئیتر فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن.

36

حه‌وت نان و ماسییه‌كانی برد، سوپاسی‌كرد و له‌تی‌كردن و دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابییه‌كانیش دایانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌.

37

هه‌موو خواردیان و تێربوون، دوایی حه‌وت سه‌به‌ته‌ی پڕ په‌لكه‌نانیان كۆكرده‌وه‌.

38

نانخۆران چوار هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ.

39

ئینجا عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‌كرد و سواری به‌له‌م بوو و هاته‌ سنووری مه‌گه‌دان.

Kurdish Bible 1998
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®