Mizgînî di yek sal
Pûşper 25


Yûhenna 12:1-26
1. شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی په‌سخه‌ عیسا هاته‌ بێت‌عه‌نیا كه‌ له‌عازری لێ‌بوو، ئه‌وه‌ی عیسا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌.
2. له‌وێ شێوێكیان بۆی كرد، مه‌رسا خزمه‌تی ده‌كرد، له‌عازریش یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵی‌دابۆوه‌.
3. مریه‌میش نیو لیترێك بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های هێنا و پێی عیسای چه‌وركرد، ئینجا به‌ قژی پێی سڕییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ش پڕبوو له‌ بۆنه‌ خۆشه‌كه‌.
4. یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌كانی و به‌ته‌مابوو به‌ گرتنی بدات، وتی:
5. (بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌ سێ سه‌د دینار نه‌فرۆشرا و نه‌‌درا هه‌ژاران؟)
6. ئه‌مه‌ی وت نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می هه‌ژاران ده‌خوات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دز بوو و سندوقی پاره‌شی له‌لا بوو، هه‌رچی تێدا دابنرابووایه‌ ده‌یبرد.
7. عیساش فه‌رمووی: (وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هه‌ڵیگرتبوو،
8. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم.)
9. كاتێ حه‌شاماتێك جوله‌كه‌ زانییان ئه‌و له‌وێیه‌، هاتن، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر عیسا، به‌ڵكو بۆ بینینی له‌عازریش كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌.
10. ئه‌وسا كاهینانی باڵا ته‌گبیریان كرد له‌عازریش بكوژن،
11. چونكه‌ زۆر جوله‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌و ده‌ڕۆیشتن و باوه‌ڕیان به‌ عیسا ده‌هێنا.
12. ڕۆژی دوایی، ئه‌و حه‌شاماته‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان عیسا دێته‌ ئۆرشه‌لیم.
13. لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد:(هۆسانا! {ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت!}پاشای ئیسرائیل!)
14. عیسا جاشكێكی بینی، سواری بوو، وه‌ك نووسراوه‌:
15. {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سییۆن،ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێتبه‌ سواری جاش ماكه‌رێك.}
16. سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ عیسا شكۆدار كرا، بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراوه‌، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد.
17. خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازری له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگ‌كرد و له‌نێو مردووان‌دا هه‌ڵیستانده‌وه، شایه‌تییان بۆی ده‌دا.
18. بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و نیشانه‌یه‌ی كردووه‌.
19. فه‌ریسییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: (ده‌بینن ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت؟ ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!)
20. هه‌ندێك یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژن‌دا خواپه‌رستی بكه‌ن،
21. ئه‌مان هاتنه‌ لای فیلیپۆسی خه‌ڵكی بێت‌سه‌یدای جه‌لیل، پێیان وت: (گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت عیسا ببینین.)
22. فیلیپۆسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ عیسایان وت.
23. عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: (كاتی شكۆداركردنی كوڕی مرۆڤ هاتووه‌.
24. ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ ناو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات.
25. ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی خۆش‌ده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ ژیانی خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی تاهه‌تایی هه‌ڵیده‌گرێت.
26. ئه‌وه‌ی خزمه‌تم ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێك بم، خزمه‌تكاریشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك خزمه‌تم بكات باوكه‌كه‌ ڕێزی لێ ده‌گرێت.)