Mizgînî di yek sal
Îlon 19


1 Korîntiyan 11:17-34
17. به‌م ئامۆژگارییه‌ ستایشتان ناكه‌م، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌كانتان زیانی له‌ سوود زیاتره‌.
18. چونكه‌ یه‌كه‌م جار، كاتێ وه‌ك كڵێسا كۆده‌بنه‌وه‌ ده‌بیستم دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتان‌دا هه‌یه‌ و تاكو ڕادده‌یه‌كیش باوه‌ڕ ده‌كه‌م.
19. چونكه‌ ده‌بێت دووبه‌ره‌كیتان له‌نێوان‌دا هه‌بێت، تاكو له‌نێوانتان‌دا سه‌لمێندراوانی خودا ده‌ربكه‌ون.
20. بۆیه‌ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ خواردنی شێوی خوداوه‌ند نییه‌.
21. چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ زوو شێوی خۆی له‌ خواردن‌دا ده‌بات، جا یه‌كێك برسی ده‌بێت، ئه‌وی دیكه‌ سه‌رخۆش ده‌بێت.
22. ئایا ماڵتان نییه‌ تیای‌دا بخۆن و بخۆنه‌وه‌؟ یاخود كڵێسای خودا سووك ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن كه‌ نییانه‌؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ستایشتان بكه‌م؟ بێگومان نه‌خێر!
23. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌م دا له‌ خوداوه‌ندم وه‌رگرتووه‌: عیسای خوداوه‌ند له‌و شه‌وه‌ی تیای‌دا به‌ گرتن درا، نانێكی هه‌ڵگرت،
24. سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ له‌شی منه‌ كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌یه‌. ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم.)
25. هه‌روه‌ها جامه‌كه‌ش دوای نانخواردن، فه‌رمووی: (ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من. هه‌ر جارێك ده‌یخۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم.)
26. جا هه‌ر كاتێ له‌م نانه‌تان خوارد و له‌م جامه‌تان خوارده‌وه‌، ئه‌وا مردنی خوداوه‌ند ڕاده‌گه‌یێنن، تاكو دێته‌وه‌.
27. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی ناشایسته‌ نانه‌كه‌ بخوات یان جامه‌كه‌ی خوداوه‌ند بخواته‌وه‌، ئه‌وا له‌ له‌ش و خوێنی خوداوه‌ند تاوانباره‌.
28. به‌ڵام با مرۆڤ خۆی بكۆڵێته‌وه‌، ئینجا له‌ نانه‌كه‌ بخوات و له‌ جامه‌كه‌ بخواته‌وه‌.
29. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بخوات و بخواته‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ له‌شی مه‌سیح بگرێت، ئه‌وا بۆ خۆی حوكم ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌.
30. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ زۆر نه‌خۆش و لاوازتان تێدایه‌، هه‌ندێكیش نووستوون.
31. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆمان حوكم بدابووایه‌، ئه‌وا حوكم نه‌ده‌دراین.
32. به‌ڵام كه‌ خوداوه‌ند حوكممان بدات، ئه‌وا ته‌مبێ ده‌كرێین، تاكو له‌گه‌ڵ جیهان‌دا تاوانبار نه‌كرێین.
33. كه‌واته‌ خوشك و برایانم، كاتێ بۆ خواردن كۆده‌بنه‌وه‌، چاوه‌ڕێی یه‌كتری بكه‌ن.
34. ئه‌گه‌ر یه‌كێك برسی بوو با له‌ ماڵه‌وه‌ بخوات، نه‌وه‌ك بۆ حوكمدان كۆببنه‌وه‌.